هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێل ماتۆڕسکیلدا گرتووە کە ببوونە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی کاروچالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی و بەمەبەستی بنەبڕکردنی دیاردە دزێو و نایاساییەکان بەهۆی خراپ بەکارهێنانی هەندێک لە سوارڕەوەکان و بەتایبەتی ماتۆڕسکیلەکان کە لەلایەن گەنج و مێردمنداڵان ببوە مایەی گلەیی و گازندەی بەشێکی هاوڵاتییانی شاری سلێمانی.
هاتووچۆی سلێمانی دەشڵێت:” ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی و بەهەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامیەتی شاری سلێمانی و بەهاوبەشی لەگەڵ مەفرەزە تایبەتەکانی ئاسایشی سلێمانی و پۆلیسی فریاکەوتن و لیژنە تایبەتمەندەکانی قائیمقامیەت و بەڕێوەبەرێتی هاتووچۆی ناوشار ـ رۆژئاوا، توانرا دەست بەسەر ژمارەیەک لە ئوتومبیل و ماتۆڕسکیل بگیرێت و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە و ئەم هەڵمەت و لێپرسینەوە یاساییانە بەردەوام دەبێت لەهەر جێگایەک کە کاری نایاسایی تیادا ئەنجام بدرێت”.