سەرەاڕی بڕیاری وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ دابەشكردنی مووچە لە پێش جەژنی ڕەمەزان، بەڵام بەشێكی فەرمانبەران و خانەنشینان لە مووچەی خۆیان بێ بەش كران و بێ مووچە جەژنیان كرد.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتی دارایی هەرێم خشتەی دابەشكردنی مووچەی ڕاگەیاند، كە بە دوو هەفتە سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان مووچە وەربگرن و پێش جەژن تەواوی مووچە دابەش بكرێت.
بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوە لە جەژنی ڕەمەزان، مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران و خانەنشینان بەبیانووی نەمانی پارە لە بانكەكان نەدرا و ڕاگیرا.
ئەوەی نیگەرانییەكانی فەرمانبەران و خانەنشینانی زیاتر كرد، پێنەدانی مووچە هاوكات بوو لەگەڵ هاتنی جەژن، كە بۆ كڕینی پێداویستییەكان پێویستیان پێ بووە، ئەمە جگە لە ململانێی سیاسی.
بەپێی ئەوەی میدیاكانی یەكێتی و پارتی لە دژی یەكتر بڵاویانكردەوە، بەشێكی مووچەی خانەنشینان لە هەولێر و بەشێكی لە سلێمانی بەهۆی ململانێی سیاسییەوە ڕاگیراوە.
پێنەدانی مووچەی بەشێكی فەرمانبەرانیش، بەتایبەتی بەشێكی فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی لەكاتێكدایە، كە فەرمانگەكانی ئەو وەزارەتە داهاتێكی باش بۆ حكومەت پەیدا دەكەن.