بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێكی فەڕمی بەرەو تاران بەڕێكەوت.
ئاژانسەكانی عێراق بڵاویانكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێكی فەڕمی بەرەو تاران بەڕێكەوت لەسەر بانگێشتی فەڕمی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی ئێران.
بەپێی سەرچاوەكان، ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی سوودانی بۆ تاران، گووشارەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە لەسەر هەرێمی كوردستان و بەغدا بۆ دوورخستنەوەی پارتە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران و جێگیركردنی سووپای عێراق لە سنوورەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان و عێراق گفتووگۆیان كردووە لە سەر ئەگەری جێگیركردنی سوپای عێراق لەسەر سنوورەكانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئەمە وەك داواكارییەكی سەرەكی ئێران بۆ ڕاگرتنی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان.
ئێران هێزێكی زۆری لەسەر سنوورەكان كۆكردووەتەوە و سەرچاوەكان دەڵێن ئەگەری هێرش بۆ سەر هەرێم هەیە لەحاڵی ڕەتكردنەوەی داواكارییەكانی ئێران لەلایەن بەغداو هەرێمەوە، بەڵام سووپای پاسداران دەڵێت ئەو هێزە بۆ تۆكمەكردنی سنوورەكان كۆكراوەتەوە.