مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری ئابوریی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشبینی دەكات، نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا لەماوەیەكی زۆر كەمدا لە نرخی فەرمی نزیكببێتەوە و نرخی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار مامەڵەی پێوە بكرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:”پێشبینی دەكەن لەماوەیەكی زۆر كەمدا نرخی دۆلار لەبازاڕەكاندا، لەگەڵ بەردەوامبوونی گواستنەوەی دەرەكی لە نرخە فەرمییەكەی نزیكببێتەوە، بەتایبەتی كە هەمو بانكە ئەهلییەكان خۆیان پابەند كردووە بە ڕێكارەكانی حكومەت بۆ گواستنەوەی دراو بەپێی سیستمی ئەلیكترۆنی”.
بە وتەی ڕاوێژكارەكەی سودانی:”هەمو ئەو هەنگاوانەی هەڵنراون دەبنە مایەی دابەزینی نرخی دۆلار بەرامبەر بەدینار لەبازاڕەكان، وادەی گەیشتن بە نرخی فەرمیش كە 100 دۆلارە بەرامبەرە بە 132 هەزار دینار، نزیكە”.
رۆژی 19ی ئەم مانگە، بانكی ناوەندی عێراق ئاستی فرۆشتنی دۆلاری بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزكردەوە و فرۆشتنی ڕۆژانە گەیشتە 319 ملیۆن و 595 هەزار دۆلار، ئەمەش دووەمجارە لە ساڵی رابردووەوە ئەو بڕە زۆرەی دۆلار لەلایەن بانكەكەوە بخرێتە بازاڕەوە.