ئاسایشی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەسەر رووداوێکی تەقەکردن لە شەقامی سەدمەتریی بڵاوکردەوە و دەڵێت:” بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێر ڕوویدا و تۆمەتبارێک و هاووڵاییەکی دیکەش بریندار بوون”.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 20ی نیسانی 2023, لە شەقامی سەدمەتریی شاری هەولێر، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕەتەقە لەنێوان دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شاری هەولێر ڕوویدا و بەهۆیەوە یەکێک لە تۆمەتبارانی تەقەکەر بەناوی (أ.ع.ش) بریندار دەبێت و بەداخەوە هاووڵاتییەکی دیکەش بەناوی ( ل.ج.ح) بریندار دەبێت.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، دوابەدوای ئەو ڕووداوە، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەوە دەست پێ کرد و، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتباری دووەم بەناوی ( هـ.خ.ق ) دەستیگر کراو پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لەبارەی دۆسیەکە کراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراوە.
ئاسایش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان و دەڵێت:” هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، پاراستنی سەروماڵی هاوشارییان و ئاسایش و ئارامیی شاری هەولێر ئەرکێکە و بەزاندنیان لە لایەن هەرکەس و گرووپێکەوە بێت هێلی سوورە”.