بانكی ناوەندی هەرێم بە ڕای گشتی و سەرجەم فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت، ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە لەبارەی راگرتنی مووچەی توێژێكی دیاری كراو لەسنوری سلێمانی بڵاوكراونەتەوە، ڕاست نین و پێشتر چەندین جار ڕایانگەیاندووە كە؛ كێشەی كەمی داهات و سیولەیان هەیە و بە هیچ بڕیارێك یا نییەتێكی خراپ قسەیان لەسەر راگرتنی مووچەی كەس نەكردووە و ئەوە ئیتیكی ئەوان نییە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لەلایەن ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكی ناوەندی هەرێم / سلێمانی بڵاوكرایەوە”ئەوەی سەیرە بەلامانەوە كە بەڕێوەبەری گشتی بانكە بازرگانیەكانی هەرێم، لە كەناڵەكانی راگەیاندن ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەوان فەرمانی ئەوەیان داوە كە دابەشكردنی موچەی خانەنشینانی پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر راگرن، ئەمەش پێچەوانەی سەرجەم رێكارە ئیداری و یاساییەكانە، نازانین بە چ دەسەڵاتێك و بە چ وێژدانێك ئەم فەرمانەی دەركردووە، بۆیە داوای لێپرسینەوەی لێدەكەین لەسەرووی خۆییەوە”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”بەڕای گشتی رادەگەیەنین؛ بە فەرمانی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ موچەی مانگی ( 2 + 3 ی / 2023 ) لەگەڵ بودجەی سیادی داوای 181 ملیار دینار لە ئیدارەی سلێمانی كراوە، ئەمە لەكاتێكدا لەماوەی رابردودا بە چەندین یاداشت وەزارەتمان ئاگادار كردوەتەوە لە دۆخی داهاتی دارایی ئیدارەی سلێمانی كە لەتوانایدا نیە بڕی داواكراو دابین بكات بۆ موچە پێش جەژنی رەزامەنی پیرۆز، بەڵام بەهەند وەرنەگیرا.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكی ناوەندی هەرێم / سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەكەدا دەڵێت”بەبیری خەڵكی بەشەرەفی كوردستان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی دەهێنینەوە كە؛ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانكە بازرگانیەكان و وەزارەتی دارایی بە دەم چارەسەری گرفتی موچەخۆرانی هەرێمەوە نەهاتن تا ئەو كاتەی كورتهێنان لە موچەی خانەنشینی پێشمەرگەی ئەیلول و گوڵان رویدا، هەروەك بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی وەك شارەوانی و گەشت و گوزار ئاوەدانكردنەوە و خانەنشینی پێشمەرگە دروست بوو بەڵام نەهاتنە دەنگ. كەچی بەخەمێكی قوڵ و داخێكی گران ئەمڕۆ هاتنە سەرخەت چونكە توێژێكی تایبەت مووچەكانیان كەمێك دواكەوت.
بانكەكە دوبارەی دەكاتەوە كە”بەر لە سەرەتای دروستبونی گرفتەكە نوسراوی فەرمیمان ناردوە بۆ جەنابی وەزیر و سەرجەم لایەنی پەیوەندیدار كە موچەی تێكۆشەرانی خانەنشینی ئەیلول و گوڵان بەهیچ شێوەیەك نەوەستاوە وە تاكو ئێستا دابەش دەكرێت وەك لە خشتەی فەرمی بڵاوكراوەی وەزارەتی دارایی و ئابوری دیاری كراوە. وە لەئێستاشدا ئامادەیی تەواومان هەیە بەبونی سیولەی پێویست لە بانكەكانی سنورەكە تا درەنگانی شەو و لەرۆژانی جەژنی رەزمەزانی پیرۆزیش موچە دابەش بكرێت و هیچ جیاكاریەك لەهیچ شەریحەیەك نەكراوە لەدابەش كردنی موچە بەسەر سەرجەم چین و توێژەكان بە تێكۆشەرانی خانەنشینی پێشمەرگە و ئەیلول و گوڵانیشەوە”.