وەزارەتی بازرگانی عێراق دەستپێکردنی چوارەمین سەبەتەی بەشەخۆراك ڕادەگەیەنێت و جەختیشدەكاتەوە، كە لە پێنج شەممەی داهاتووەوە دەست بە دابەشكردن دەكەن.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانی بڕیاری داوە بە دەستكردن بە ئامادەكردن و دابەشكردنی بەشی چوارەمی بەشەخۆراك بۆ ساڵی 2023 و بۆ ئەوەش لە ڕۆژی پێنج شەممە 20ی نیسان دەست بە دابەشكردنی دەكەن.
ڕاشیگەیاندووە، كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك كۆتایی بە ئامادەكاری لۆجستی و كارگێڕی هێناوە بۆ وەرگرتنی ماددەكانی تایبەت بە سەبەتەی خۆراك لە كۆگاكان و دەست بە دابەشكردنی دەكات بەسەر ئەو هاووڵاتیانەی سیستمی پسووڵەی خۆراك دەیانگرێتەوە.
وەزارەتی بازرگانی داوا لە بریكارەكانی خۆراك دەكات، سەردانی ناوەندەكانی وەرگرتنی لیستی خۆراك بكەن بۆ بڕینی چەكی پشكی هاووڵاتیان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەردەوامن لە فرۆشتنی ماددەی ئاردی سفر لە جۆری (داس) و شیری جۆری (دۆفیلاك)ی فەڕەنسی بەپێوەی ڕاستەوخۆ و بە نرخی پاڵپشتی كراو.