بانكی ناوەندی عیراق زیاتر لە 283 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی زیاتر بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو دادەنرێت، لە هەمان كاتدا نرخی دراوەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا هەندێك بەرزبوونەوە بەخۆوە دەبینێت.
ئەمڕۆ سێ شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 283 ملیۆن و 45 هەزار و 994 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی زۆر زیاتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 58 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 224 ملیۆن و 145 هەزار و 994 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 13 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 27 بانك بۆ داواكارییەكانی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوەی وڵات و 179 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1310 دینار فرۆشراوە.
ئێوارەی سێ شەممە، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بە 144 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا دەبوو نرخی دراوەكە زیاتر داببەزێت و بە نرخی فەرمی كڕین و فرۆشتنی پێوە بكرێت كە 132 هەزار دینارە بۆ هەر 100 دۆلارێك.