عەبدولفەتاح ئەلبورهان سەرۆكی ئەنجومەنی سیادە و فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی سودان ڕایدەگەیەنێت، سوپای سودان پابەند دەبێت بەو ئاگربەستەی لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە پێشنیار كراوە، كە لە كاتژمێر 6 ئێوارە بەكاتی ناوخۆ دەستپێدەكات بۆ ماوەی 24 كاتژمێر.
ئەمڕۆ سێ شەممە، بورهان بە (سی ئێن ئێن)ی ڕاگەیاند: “ئێمە لەسەر كاتی دەستپێكردن ڕێكنەكەوتین، بەڵام بە دڵنیاییەوە پابەند دەبین بە پێشنیار و میكانیزمی سێ قۆڵی كە (ئاگربەست) بۆ ماوەی 24 كاتژمێر درێژدەكاتەو لە كاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆوە دەستپێدەكات”.
میكانیزمی سێ قۆڵی بریتییە لە نوێنەرایەتی پشتیوانی ئینتقالی نەتەوە یەكگرتووەكان لە سودان و یەكێتی ئەفریقا و دەسەڵاتی نێوان حكومەتەكان بۆ گەشەپێدان (IGAD).
هێزەكانی پشتیوانی خێرا پێشتر پەسەندكردنی ئاگربەستی 24 كاتژمێری ڕاگەیاندبوو و سوپای سودانیشیان بە پێشێلكردنی ئاگربەست تۆمەتبار كردبوو.