سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پلانی حكوومەتەكەی بۆ پێشخستنی پیشەسازی نەوت لەگەڵ لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، محەمەد شیاع سودانی پێشوازیی كردووە لە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
لە كۆبوونەوەیەكدا، جەخت كراوەتەوە لەسەر پێشخستنی پیشەسازی نەوت و رێكخستنی پرۆسەی ھەناردەكردنی نەوت، بەتایبەتی دوای رێككەوتنەكەی ئەم دواییە لەنێوان حكوومەتی فیدراڵیی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كراوە سەبارەت بەھەناردەكردنی نەوت كە ئەوە رێگا خۆشكەرە بۆ پەسەندكردنی یاسایی نەوت و غازی فیدراڵیی.
لەوبارەیەوە سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، گرنگی زۆر بە بەپرسی وزە و پلانەكان بۆ پێشخستنی پیشەسازی نەوت دەدەن، بۆ ئەوەی عێراق رۆڵێكی گرنگی ھەبێت لە بازاڕەكانی غازی جیھاندا.
چواری ئەم مانگە بە ئامادەبوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی رێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا لەبارەی دەستپێكردنەوەی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستان واژوو كرا.