دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت تاوتوێ دەكەن
پەیوەست بە تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوت، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان كۆدەبێتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوت بكات.
ئەوە لەكاتێكدایە، ڕۆژی ڕابردوو محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند لە دوو ڕۆژی داهاتوودا پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە.
ماوەی نزیكەی مانگێكە پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕاگیراوە، ئەوەش دوای ئەوەی حكومەتی عێراق كەیسەكەی لە دادگای ناوبژیوانی پاریس بردەوە و بەو پێیەش پرۆسەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم چووە ژێر ڕكێفی حكومەتی عێراقەوە.
ڕۆژی 4\4\2023 ڕێككەوتنێكی نەوتی لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق واژۆكرا و بەپێی ڕێككەوتنەكە كۆمپانیای سۆمۆ سەرپەرشتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و لەبەرامبەردا حكومەتی عێراق شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت.