ژەهراویكردنی خوێندكاران بەردەوامە



دەیان خوێندكار رەوانەی نەخۆشخانەكان كران

هێرشی ژەهراویكردنی ناوەندەكانی خوێندن لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران درێژەی هەیە، دوێنێ لانی كەم ٢٠ هێرش بۆ سەر قوتابخانەكان ئەنجامدراون.

هێرشەكان قوتابخانەكانی بۆكان، گەیڵان، كەرەج، تەورێز، خوڕەم ئاباد، دزفوول، ئیسفەهان، سەقز، ئورمیە، سنە، ڕەوانسەر، كرماشان و چەند شاری دیكەیان گرتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، قوتابخانەكانی كچانی فەجر، عیسمەت، ستایش، شاهد و هونەرستانی شەرەف لە شاری بۆكان كرانە ئامانجی هێرشەكان.

نیان كەریمی، قوتابی بەشی پەروەردەی جەستەی هونەرستانی فەجری بۆكان، بەهۆی ناجێگیری دۆخی تەندروستییەوە بە شێوەیەكی خێرا بۆ نەخۆشخانەیەك لە ئورمیە گواسترایەوە.

هاوكات لەگەڵ هێرشی بۆكان، هەلیكۆپتەری سەربازی بەسەر ئاسمانی ئەو شارە دەسووڕانەوە و هێزە ئەمنییەكان لە شوێنە گشتییەكان جێگیركرابوون.

هەروەها لە شاری گەیڵان سەر بە پارێزگای كرماشان، هێرشكرایە سەر قوتابخانەی ناوەندی ١٧ی شەهریور، هونەرستانی ئەندێشە و دوو قوتابخانەی دواناوەندی عیسمەت و خەدیجەی كوبرا.

دوو قوتابخانە لە شاری كەرەج كرانە ئامانج، لە كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم گازەدا بەڕێوەبەری قوتابخانەی كچانەی محەمەد باقر ڕێگری لە چوونە دەرەوەی قوتابییەكان كردووە و لە قوتابخانەی “جەعفەر سادق”یش ڕێگری لە بردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ناو پۆلەكان كراوە.

قوتابخانەی ئاسمانی شار لە تەورێز یەكێكی دیكە لەو قوتابخانانە بوو هێرشی كیمیایی كرایە سەر و بۆ ماوەی كاتژمێرێك رێگە بە قوتابییەكان نەدرابوو هۆڵەكانی خوێندن بەجێبهێڵن.

هەروەها لە شاری خوڕەم ئاباد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی گاز لە دواناوەندی كچانەی بنت هودا ژمارەیەكی زۆری قوتابی ژەهراوی بوون.

هاوكات لە شاری سنە، هێرشكرایە سەر قوتابخانەی كچانەی نەسیبە و لانی كەم ٨ قوتابی ئەو قوتابخانەیە ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەكان گواستراونەتەوە.

لە درێژەی ئەو هێرشانەدا، قوتابخانەی ئوم سەلمە لە شاری دیزفوول، قوتابخانەی مەولانا لە شاری ئورمیە،، قوتابخانەی پارسە لە ئیسفەهان و دواناوەندی كچانەی موعەلیم لە كرماشان كرانە ئامانجی هێرش و ژمارەیەك قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەكان گواسترانەوە.

هەروەها قوتابخانەی ناوەندی كچانەی فەرهەنگ لە ڕەوانسەر كرایە ئامانج و بەهۆی ژەهراوی بوونەوە لانی كەم دوو قوتابی بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.

هەدەپە هۆشداری دەداتە دەنگدەرەكانی
پێت هەدەپە هۆشداری دەداتە دەنگدەرەكانی
بودجەی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە
دوات بودجەی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە
پەیوەنیدر