سەرۆك وەزیرانی عێراق سەبارەت بە مامۆستایانی هەرێمی كوردستان، كە لە ناوچە جێ ناكۆكەكان دەوام دەكەن بڕیار دەدات وەزارەتی دارایی پارەی پێویست بۆ گواستنەوەی ڕاژەكانیان بۆ سەر میلاكی وەزارەتی پەروەردەی عێراق (بەشی پەروەردەی كوردی) تەرخان بكات.
مزر ئەلكروی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشكی پارێزگای دیالە بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، هەزاران مامۆستا، پەروەردەکار و کارگێڕی سەر بە ستافی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان کار دەكەن لەو خوێندنگایانەی دەکەونە سنووری پارێزگای دیالە و كەركوك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم.
ڕاشیگگەیاندووە، ئەو مامۆستا و پەروەردەكار و فەرمانبەرانە داواکاری فەرمییان پێشکەش کرد بۆ گواستنەوەی ڕاژەكانیان بۆ بەشی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی فیدڕاڵی.
ئاشكراشی كرد، “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی، کە لە ڕوانگەی داراییەوە بە ڕێکوپێکی دیراسەی ئەو پێشنیازە بکات بۆ دەستەبەرکردنی باری یاسایی مووچەکانیان.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، “یەکلایی کردنەوەی ئەم فایلە زۆر گرنگە، بەتایبەت کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە لە چەند شارێکی وەك دیالە و پارێزگاکانی تر ڕۆڵی گرنگیان لە کەرتی پەروەردەدا بینیوە”.
لە دیالە دەیان خوێندنگە هەن، کە ستافی پەروەردەیان سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دواکەوتنی مووچە و کێشەکانی دیکە وای لێکردوون، کە ڕاستەوخۆ داوای گواستنەوەی ڕاژەكانیان بكەن بۆ سەر حكومەتی فیدڕاڵی.