نێچیرڤان بارزانی: پێویستە پڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە خێراتر بکرێت



سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی فراوانی نێوان هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی دەكات سەبارەت بە پرۆسەی یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەیان بەشێوەیەكی سەردەمیانە و دەڵێت: “پێویستە پڕۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە خێراتر بکرێت و ئامادەی هەموو هاوكارییەكم”.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كرودستان، شاندێكی باڵای هێزی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی جەنەراڵ ماپیۆ مكفارلن، فەرماندەی هاوبەشی هێزی هاوپەیمان لە عێراق و سوریا و وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا پەیوەندیدارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە، كە تێیدا كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێم ئامادە بوو.

وەك لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “بابەتی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ بووە لەبارەی ڕێكخستنەوە و چاكسازی لە هێزی پێشمەرگە و هەڵسەنگاندن بۆ قۆناخەكانی جێبەجێكردنی ئەو پلانە، كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا هەیە”.

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە باسكردنی ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە، كە دێنە بەردەم پرۆسەی یەكگرتنەوەی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەیان بە شێوەیەكی سەردەمیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە.

نێچیرڤان بارزانی لەو كۆبوونەوەیەدا هاوكارییە بەردەوامەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە قۆناخ و بوارە جیاوازەكاندا بەرز نرخاند و جەختی لە خێراتركردنی هەنگاوەكانی یەكخستنەوەی پێشمەرگە و لابردنی بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەكە كردەوە و ئامادەیی خۆیشی بۆ هەر هاوكاری و پشتیوانییەك لەمبارەیەوە نیشان دا.

جەنەرال مكفارلن، بەردەوامیی پشتگیری و هاوكارییەكانی هاوپەیمانانی بۆ پێشمەرگە لە بوارە جیاوازەكاندا و جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی رێكخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا بەشێوەیەك هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن هێزێكی نیشتمانیی یەكگرتوو، دووپات كردەوە.

سودانی بڕیارێك دەربارەی مامۆستایانی هەرێم دەردەكات
پێت سودانی بڕیارێك دەربارەی مامۆستایانی هەرێم دەردەكات
سعودیە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی دیاریی كرد
دوات سعودیە یەكەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی دیاریی كرد
پەیوەنیدر