چەند مەرجێك بۆ هۆتێل و ڕێستۆرانتەكان دادەنرێت
لە شاری سلێمانی ئامادەكاری بۆ پێشوازی لە گەشتیاران بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە دەكرێت و چەند مەرجێك بۆ هۆتێل و ڕێستۆرانتەكان دادەنرێت.
ئەو شوێنانەی لە مانگی ڕەمەزاندا ڕێگایان پێدراوە كار بكەن، پێویستە لە ڕۆژانی جەژنیشدا بە بە ڕووی گەشتیاراندا كراوەبن، پێویستە نرخەكان هەڵبواسرێن، بەپێچەوانەوە سزادەدرێن.
لەو بارەیەوە ئاكۆ ئەحمەد، بەڕێوەبەری پشكنین لە بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بە بۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە هاوشێوەی بۆنەكانی دیكە ئامادەكاریمان كردووە و لە ڕۆژانی 20 و 21 لە بازگەی تاسڵوجە و عەربەت بە پێدانی پرۆشەر و ڕێبەری گەشتیاری و نەخشەی سلێمانی پێشوازی لە گەشتیاران دەكرێت.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، لەنێو شار و لە نزیك باخی گشتی سەنتەرێكی زانیاری دادەنرێت كە تایبەت دەبێت بە پێدانی نەخشەی سلێمانی و ڕێبەری گەشتیاری و پرۆشەر، هەر گەشتیارێك شوێنی حەوانەوەی نەبێت یاخود گلەیی هەبێت، لە ڕێگەی پەیوەندیكردن بە چەند ژمارە تەلەفۆنێكەوە كە تایبەتن بە سەنتەرەكە، گرفتەكانی چارەسەر دەكرێن.
دەشڵێت، لیژنەیەكی چاودێری شوێنە گشتییەكان هەیە لە ڕۆژانی جەژندا سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی سلێمانی دەكەن، ئەوانەی لە مانگی ڕەمەزاندا كراوە بوون دەبێت لە ڕۆژانی جەژنیش بەڕووی گەشتیاراندا كراوە بن، بەپێچەوانەوە لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەكرێت و سزا دەدرێن.
لەبارەی پێشبینییەكانیان بۆ هاتنی گەشتیاران ئاكۆ ئەحمەد دەڵێت، لە جەژنی نەورۆزدا بەهۆی ئەوەی پشووەكان خواروو ناوەڕاستی عێراقی نەگرتەوە و مانگی رەمەزانیشی بەسەردا هات گەشتیارێكی كەمتر سەردانی سلێمانییان كرد، پێشبینی دەكەین لە جەژنی رەمەزاندا گەشتیارێكی زۆر سەردانی سلێمانی بكات.
لەبارەی نرخی شوێنە گەشتیارییەكانەوە ئاماژەی بە ئەوە كرد، لیژنەكان چاودێری شوێنە گەشتیارییەكان بە گشتی و شوێنەكانی حەوانەوە بە تایبەت دەكەن و ئاگادارمان كردوونەتەوە كە دەبێت نرخەكان ڕون بن بۆ گەشتیاران و هەڵبواسرێن، بەپێچەوانەوە سزا دەدرێن، ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە پێشكەش دەكەن دەبێت مینیۆ دابنێن.
ساڵانە لە بۆنەكاندا شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بە گشتی پێشوازی لە هاتنی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم دەكەن.
جەژنی ڕەمەزانیش كە ماوەكەی سێ ڕۆژە تەنها چەند ڕۆژێكی كەمی ماوە و ئێستا هاووڵاتییان سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ ئەو جەژنە و هەتا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە ڕۆژی هەینی یاخود شەممە یەكەم ڕۆژی ئەو جەژنە دەبێت.