ڕاوێژکارێكی سەرۆک وەزیرانی عێراق كۆتایی هاتنی قەرزە نێودەوڵەتییەكانی سەر وڵاتەكەی ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت: “كاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر وەبەرهێنان”.
مەزهەر محهمهد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق به ڕۆژنامهی (الصباح)ی ڕاگهیاندووه، “دەرچونی عێراق لە لیستی ئەو وڵاتانەی زۆرترین قەرزی (سندوقی دراوی نێودەوڵەتی)یان لایه، توانای قەرزکردنی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەکاتەوە و ئەوە هۆكارێكی باشه بۆ زیادكردنی وهبهرهێنان جگە لهوهی کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر بازرگانی دەرەکی دهبێت”.
ڕاشیگەیاندووە، عێراق لەوکاتەوەی ڕێککەوتنی پاریسی واژۆكردووه، كه له 21ی 11ی 2004دا لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، وەزیری پێشوتری دارایی ئەوکاتەوە واژۆكراوه، ڕزگاری بووە لە 100 ملیار دۆلار قەرز، كه لهسهری بووه، واتا 80%ی قهرزهكهی کەمکردۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، قەبارەی قەرزەکانی سهر عێراق نزیکەی 130 ملیار دۆلار بووە، بەپێی ڕێککەوتنەکە 100 ملیار دۆلاری لێبڕدراوە و ئەوەی دەمێنێتەوە بڕیاربوو به 20 ساڵ بدرێتهوه لەگەڵ ماوەی ئیمتیازات، کە 6 ساڵ بووە.
جەختیشی كردۆتەوە، “عێراق پابەندە بە جێبەجێکردنی قەرزەکانی، چ بە کۆمپانیاکان یان وڵاتانی قەرزدەر، هاوکارییەکی زۆریش لە نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عێراق هەیە لە پێدانی قیست لەگەڵ یارمەتییەکانیان و لەکاتی خۆیدا و لە ساڵی 2009ەوە عێراق دەستیکرد بە پێدانی سوود و لە ساڵی 2011 دەستیکرد بە پێدانی قیست لەگەڵ یارمەتییەکانیان”.