بە سێ قۆناغ و لەماوەی ٥ مانگدا، ڕێگا بازرگانییەكەی نێوان پارێزگای هەولێر و قەزای خەبات نۆژەندەكرێتەوە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بەمزووانە دەست بە كارەكان دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە ١٦ـی نیسانی ٢٠٢٣، بەردی بناغەی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگای هەولێر – خەبات دانرا و بەپێی زانیارییەكان، تێچووەكەی سێ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن دینارە.
دووریی نێوان پارێزگای هەولێر و قەزای خەبات، ٣٥ كیلۆمەترە و ئەو ڕێگایە بەهۆی هاتووچۆی بەردەوامی بارهەڵگرەكان، بووەتە ڕێگایەكی بازرگانی و هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆك و مووسڵ بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
بەپێی وتەی پارێزگاری هەولێر، كارەكانی پڕۆژەكە لەماوەی ٥ مانگدا تەواو دەكرێن و بەمزووانەش دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت.