دوو لاوی كوڵبەری خەڵكی سەقز بە ناوەكانی ئەفشین فەلاحی و مەهدی ڕەحمەتی چەند ڕۆژ پێش ئێستا كەوتوونە ناو بەنداوێكی بانە و گیانیان لەدەستداوە و دوێنێ تەرمەكانیان دۆزرانەوە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، ڕۆژی شەممە 15ی ئەم مانگە دوای 9 رۆژ ، تەرمی هەردوو كۆڵبەرەكە بە خنكاوی دۆزراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا تیمە جۆراوجۆرەكانی مەلە و خەڵكی شارەكانی سەقز، مەریوان، بۆكان و سنە ڕۆیشتوونەتە بانە و پەیوەست بوون بە تیمی گەڕان بۆ دۆزینەوە ئەو كۆڵبەرانە، بەڵام گەڕانەكە لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەوە بەهۆی بارودۆخی نالەباری كەشوهەوا تا ڕۆژی شەممە ڕاگیرابوو.
ئەفشین فەلاحی تەمەن 22ساڵ و مەهدی ڕەحمەتی تەمەن 23 ساڵ خەڵكی شاری سەقز لە 6ی مانگی چواردا كەوتوونەتە بەنداوی عەباس ئاوای بانە و خنكاون.
لەو ماوەیەدا باوكی ئەفشین فەلاحی گرتەیەكی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كوڕەكەی بۆ كۆڵبەری ڕۆیشتوەتە سنووری بانە و دوای ئەوەش دیار نەماوە.
ماڵپەڕی كۆڵبەر نیوز لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ماوەیەك پێش ئێستا ڕایگەیاند، لە ماوەی ساڵێكدا، واتە لە مانگی 3ی ساڵی 2022 تا مانگی 3ی ساڵی 2023 بە گشتی 39 كۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەكانی پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، كوردستان و كرماشان بە هۆكارەكانی وەك تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ڕەقبوونە و تەقینەوەی مین و كەوتنەخوارەوە لە شاخەكان گیانیان لەدەستداوە و 195 كەسیش بریندار بوون.