لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران تەنگەژەی غازبارانكردنی ناوەندەكانی خوێندن بەردەوامە و خۆپیشاندانیش دژی ئەو دیاردەیە لەچەندین شوێن بەڕێوەدەچێت.
لە كاردانەوە بە دژی حاڵەتەكانی ژەهراویبوونی بەكۆمەڵ لە ئێران، كە زۆربەیان لە خوێندنگەكانی كچان روویانداوە و تا ئێستا سەرچاوەكەیان دەستنیشان نەكراوە، ژمارەیەك لە دایك و باوك و خوێندكاران، لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە شاری شاهینشەهر خۆپیشاندانێكیان سازكرد.
بەپێی ئەو وێنانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، ژمارەیەكی زۆر لە دایك و باوك و خوێندكار لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە لە شاری شاهینشەهر سەربە پارێزگای ئیسفەهان كۆبوونەتەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن دژی حاڵەتی ژەهراویبوون كە لە خوێندنگەكاندا روویانداوە.
هێزە ئەمنییەكان بە گازی فرمێسكڕێژ بەرەنگاری بۆ ئەو گرووپە بوونەوە، كە ناڕەزایەتییان دژی رێگریی نەكردن لە حاڵەتەكانی ژەهراویبوونی بەكۆمەڵ نیشاندەدا و درووشمیان دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكە دەگوتەوە.
لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ەوە حاڵەتی ژەهراویبوونی بەكۆمەڵ لە خوێندنگەكانی ئێراندا روودەدەن كە زۆربەیان لەخوێندنگەكانی كچان روویانداوە.
خوێندكارەكان نیشانەكانی وەك تەنگەنەفەسی، دڵ تێكهەڵاتن، سەرئێشە و سڕبوون لە ئەندامەكانی جەستەیاندا تێدا دەردەكەوێت. تا ئێستا لە سەدان خوێندنگە لە سەرتاسەری وڵاتدا هەزاران خوێندكار ژەهراویبوون.
لەلایەكی دیكەوە لە یەك ڕۆژدا لانی كەم ٧ قوتابخانە لە شارەكانی ئیزە، شاری قودس، مەهاباد، ئورمیە، سەرپێلی زەهاو و سنە كرانە ئامانجی هێرشە غازییە سیستماتیكەكان و دەیان قوتابی بەهۆیەوە ژەهراوی بوون بۆ نەخۆشخانەكان گواسترانەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە هێرشی كیمیایی كرایە سەر قوتابخانەكانی شەرافەت و خەدیجە كوبرا لە شاری سنە و بەهۆیەوە ١٤ قوتابی ژەهراوی بوون و لە نەخۆشخانەی تەوحیدی سنە خەوێندران.
هاوكات، هونەرستانی مێهر پەروەرین لە سەرپێڵی زەهاو كەوتە بەر هێرشی غازی، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا زیاتر لە ٣٧ قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ نەخۆشخانەی «شهدا» ی ئەم شارە گواسترانەوە.
بەگوتەی شایەتحاڵان لە شاری سەرپێڵی زەهاو، كەپسولی غاز لە نهۆمی سێیەمەوە خراوەتە ناو بیناكەوە و بەڕێوەبەرانی قوتابخانە هەموو دەرگاكانیان داخستووە و بۆ ماوەیەك ڕێگریان لە هاتنە دەرەوەی قوتابییان كردووە.
لەدرێژەدا، هێرشی غازی كراوەتە سەر قوتابخانەی دواناوەندی كچانەی مەعروف شافهی لە شاری مەهاباد و ژمارەیەك لە قوتابی ژەهراوی بوون و بۆ ناوەندە تەندروستییەكان گواستراونەتەوە كە بارودۆخی چەند كەس لەم قوتابییانە مەترسیدار باسكراوە.
هەروەها، قوتابخانەی كچانەی گوندی بالانج سەر بە شاری ئورمیە كەوتە بەر هێرشی غازی و ژمارەیەك قوتابی ژەهراوی كران و بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە.
لە چەند هێرشێكی دیكەدا بۆ سەر قوتابخانەی دواناوەندی كچانەی پەروین ئیعتسامی لە شاری ئیزە و قوتابخانەی كچانەی محەمەد ڕەسوڵ ئەڵڵا لە شاری قودسی سنووری پارێزگای تاران ژمارەیەك قوتابی ژەهراوی بوون بۆ قوتابخانەكان گواستراونەتەوە.
هاوكات پرشنگ ڕەنجبەری، بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی كچانەی متەوستەی میعراج لە سەقز بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر هێرشی غازی بۆ سەر قوتابخانەكان و هەروەها كەمكاری بۆ دۆزینەوەی بكەرانی ئەم هێرشانە و نادادوەریكردن بەرانبەر كارمەندان و بەڕێوەبەرانی ئەم قوتابخانە، دەستی كێشایەوە.