دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا بەردەوامە و نەوت لە سنووری شارۆچكەی قەڵادزێ و بتوێن و پشدەر دابەش دەكرێت.
تەها جەمال، سەرۆكی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا بەردەوامە و ئەم هەفتەیە نەوت لە سنووری قەڵادزێ و بتوێن و پشدەر و ناوچەكانی دەورووبەریان دابەش دەكرێت.
وتیشی، “هەر بەرمیلێكی 200 لیتری بە 103 هەزار و 500 دینار دەدرێت بە هاووڵاتیان، كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دابین كراوە”.
ڕاشیگەیاند، تا ئێستا ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بڕیاری داوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستانی بكات نەگەیشتووە بە دەستیان و هەركات بگات دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.
حكومەتی هەرێم ماوەی زیاتر لە مانگێكە دەستی بە دابەشكردنی نەوت كردووە، كە 200 لیترە بە 103 هەزار و 500 دینار و بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا هاووڵاتیانی ناو شارەكان بەسەریاندا دابەش نەكراوە.