سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق لە ناو هاوپەیمانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ی دەسەڵاتدارەوە، نیازی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ گۆڕینی ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی پشتڕاست دەکەنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە بە “خراپی ئەدای” وەسفی دەکەن لە وەزارەتەکانیان، جگە لە بێتوانایی لە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی کە پێیان سپێردراوە. لەلایەکی تریشەوە چاودێران پێیان وایە گۆڕین و گۆڕانکاری بەرهەمی نابێت، بە مەرجێک هەڵبژاردنی نوێ لە هەمان ئەو لایەنانە بێت، کە بە پشکی وەزاری خۆیانەوە دەلکێن و ڕەتی دەکەنەوە دەستبەردارییان بن.
لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، سودانی بە پاڵپشتی گهاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت”، حکومەتەکەی پێکهێنا، کە هەموو پارتە سیاسییە تەقلیدییەکان لەخۆدەگرێت جگە لە ڕەوتی سەدری.
سودانی خۆی پابەند کرد بە پرەنسیپی “هەڵسەنگاندن” کە لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا جێی کردەوە، کە مەرجی هەڵسەنگاندنی ئەدای وەزیرەکان لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی تەمەنی حکومەتەکەیدا دیاری کراوە، بەشێک لەو پابەندبوونەی لەگەڵ پارێزگاری ئەلقادیسیە جێبەجێ کرد (لە باشووری وڵات) زوهیر عەلی الشالان و لە جێی ئەو مەیسەم عەبدولئیلا ئەلشەهدی دانا، بەڵام چالاكوانانی پارێزگاكە ڕەخنەی ئەوەیان لێگرت، كە پارێزگاری نوێ سەر بە هەمان حزبی پارێزگاری پێشووە
سەبارەت بە ئەگەرەکانی گۆڕانکاریی وەزاری، سیاسەتمەدارێکی نزیک لە نوسینگەی سودانی بۆ (العربی الجدید) ئاشکرای کرد، کە 5 یان 6 وەزیر لە هەر ساتێکدا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و بۆ ئەوەش لەگەڵ قەوارە سیاسییەکان و لایەنە سیاسییەکان ڕێککەوتووە، بەو مانایەی ئەم ڕێکارە، کە لە ماوەی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت، لایەنێک یان كوتلەیەك ناکاتە ئامانج، بەڵکو بەشێکە لە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هاوپەیمانی (ئیدارەی دەوڵەت)، بە مەبەستی پەرەپێدانی کارەکانی وەزارەتەکان.
ئەو سیاسەتمەدارە، کە داوایکردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئاماژەی گۆڕینی هەندێک لە وەزیرەکان لە دوایین دانیشتنی کابینەی حکومەتەوە (سێ شەممەی ڕابردوو) دەستیپێکرد، دوای ئەوە بەشێک لە وەزیرەکان هەستیان بەوە کرد، کە جێگرەوەیان هەیە، هەربۆیە بەرەو کردنەوەی دەرگاکان بۆ گفتوگۆ هەنگاویان ناوە لەگەڵ سودانی بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێیان پێبدات”.
تیشی، “ڕەنگە سودانی وادەیەک بە هەندێکیان بدات”.
سەبارەت بە ناوی ئەو وەزیرانەی، کە ڕەنگە کەسانی دیکە بگۆڕدرێن، ئەو سیاسەتمەدارە ئاماژەی بەوەدا کە “هێشتا ناوەکان دیاری نەکراون، بەڵام زۆربەی ئەوانەی پەیوەندییان پێوە هەیە وەزارەتی خزمەتگوزارییان هەیە”.
لای خۆیەوە، محەمەد بەلداوی، نوێنەری چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە، “گۆڕانکاریی وەزاری داهاتوو لەڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئەدای کارەوە لەو ماوەیەی، کە لەلایەن سودانییەوە پێی بەخشیون ئەنجام دەدرێت، هەروەها بۆ گۆڕینی وەزیر و پارێزگارەکانیش ناكەوێتە ژێر هەر فشارێکی دەرەکی یان ناوخۆیی بێت”.
جەختی لەوە کردەوە کە “هێزە سیاسییەکان، بە تایبەتی هێزەکانی (هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت)، گڵۆپی سەوزیان بۆ سودانی هەڵكردووە بۆ ئەوەی وەزیرە خراپەكان و جێگرەکانیان و پارێزگارەکان بگۆڕێت و وەزیرە نوێیەکانیش بە ڕاوێژ لەگەڵ هێزە سیاسییەکان هەڵدەبژێردرێن”.
ئایەت موزەفەر نوری، وتەبێژی هاوپەیمانی “سەرکەوتن” بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ڕایگەیاند، “سودانی لە ئەدای هەندێک وەزیر ڕازی نییە، ئەمەش بەو مانایەیە، کە بەدواداچوونی وردی هەیە بۆ وەزیرەكان، بۆیە گۆڕانكاری لە هەندێك لە وەزیرەكان لە 6 مانگی یەكەمی كابینەكەیدا شتێكە پێشتر و لە حكومەتەكانی ڕابردوودا ڕووینەداوە”.
نوری دووپاتیکردەوە کە “هەڵبژاردنی وەزیرەکان بە ڕێککەوتن لەنێوان لایەنەکان و سودانی دەبێت و ڕەنگە لایەنەکان لەبەردەم هەڵبژاردنی سودانی بن بۆ ئەو کەسایەتیانەی هەڵگری لێهاتوویی و دەستپاکیین”.