بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ڕایدەگەیەنێت، داخستنی دەروازەكە لە ڕووی بازرگانی و گەشتیارییەوە هیچ سوودێكی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمیش نییە، دەنگۆی داخستنی دەروازەكەش دوورە لە ڕاستییەوە.
محەمەد تاهیر ڕەشید، سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دەنگۆی داخستنی مەرزەكە لەلایەن ئێرانەوە دوورە لەڕاستیەوە و ئەو پرسە هیچ سوودێكی بۆ ئێران و هەرێم نییە، بۆیە مەرزەكە بەردەوام كرایەوە و هیچ كێشەیەكی نییە.
وتیشی، ” داخستنی مەرزەكە لە ئێستادا لە بەرژەوەندی هیچ لایەك نییە و بەردەوام لە ئێستادا هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری لێوە دەكرێت “.
هاوكات ئاغای حەمید عەبدولمەلكی، بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ لە دیوی ئێران ڕایگەیاند، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەم دەروازەیە بە 24 كاتژمێر لە كاردا بێت و هاووڵاتیان هیچ جۆرە كێشەیەكیان بۆ دروست نەبێت.