پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند بۆ جێگیركردنی بەهای دیناری عێراقی و دۆلار پێویستە باری نائاسایی رابگەیەندرێت، بەجۆرێك دۆلار نەگاتە ئەو وڵاتانەی ئەمریكا قەدەغەیكردووە و حكومەتی عێراقیش پابەندی بەڵێنەكانی بێت.
بەپێی ئاژانسی بلۆمبێرگ، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانیدا لە واشنتن لەگەڵ بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوى نێودەوڵەتی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا رایگەیاندووە، ئەو داواكارییانەی ئەمریكا بۆ كۆنترۆڵی ئاڵۆگۆڕی دراو دایناون بە كۆت و بەند هەژمار ناكرێن، بەڵكو داواكردنی جێبەجێكردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شۆردنەوەی پارە و تیرۆرە.
دەشڵێت: ئێمە لەبانكی ناوەندی عێراق پێویستمان بە راگەیاندنی باری نائاسایی هەیە بۆ جێگیركردنی بەهای دینار، ئەوە پەیوەندی بە تەنگەژەی دارایی ناوخۆ نییە، بەڵكو رێوشوێنی رێگرییە لە گواستنەوەی دراوی قورس و بیانی بۆ دەرەوەی عێراق.
هەروەها دەڵێت: پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دراو لەرێگای سەكۆی ئەلیكترۆنییەوە بەخێرایی پرۆسەی بردنە دەرەوەی دۆلاری كەمكردەوە، ئەوە هاوسەنگییەكی لەنێوان خواست و خستنەڕووی دۆلاردا دروستكردووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاش هاوڕایە لەگەڵمان بۆ فراوانكردنی هێڵەكانی حەواڵەی دەرەكی.
پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاماژەی بەوەكرد، ئەو رێوشوێنانە كۆت و بەند نین، هێندەی پارێزگاریكردنە لە سیستمی بانكی و دارایی لە پرۆسە گومانی و نا رەواكان، رێگری لە شۆردنەوەی پارە و پشتیوانیكردنی تیرۆر.