بەهۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمی راگەیەندرا.
نووسینگەی تایبەتی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، رایگەیاند هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە، بڕیاریدا سبەی پێنجشەممە پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم دامودەزگا حكومییەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جگە لەو بەڕێوەبەراتی و فەرمانگانەی دەوامی ئێشكگرییان هەیە
هەروەها لە هەریەک لە پەروەردەکانی چەمچەماڵ، رواندوز، مێرگەسۆر پشووی فەرمی راگەیەندرا.
لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیش پشوو راگەیەندرا و لە پارێزگای دهۆکیش لە سەرجەم قوتابخانەکانی سنوری ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، شێخان کرایە پشووی فەرمی.
لە شەوی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ولە چەند شوێنێک زیانی بە ئۆتۆمبێل و ماڵان گەیاندووە و لە قەزای خەباتیش خانوویەک رووخاو سێ ئەندامی خێزانێک برینداربوون.