لە پارێزگای باتمانى باكووری كوردستان قۆناغی كۆتایی “پێشبڕكێی جوان خوێندنەوەی شیعرەكانی شاعیری ناسراوی كورد ئەحمەدی خانی” بەڕێوەچوو.
لە هۆڵی كۆنفڕانسی بەڕێوەبەرایەتی كولتوور و گەشتیاریی پارێزگاكە، قۆناغی كۆتایی دووەم پێشبڕكێی ئەمساڵ كە لەلایەن ئامادەیی پێشنوێژ و وتارخوێنی ئەحمەدی خانییەوە رێكدەخرێت، بە ئامادەبوونی هەشت پێشبڕكێكار بەڕێوچوو.
لە دوای پێشكەشكردن و هەڵسەنگاندن، خوێندكاری ئامادەیی باتمان ئەكرەم ئۆزەنج پلەی یەكەم، خوێندكاری ئامادەیی سادات ئوچار دیجلە ئادڵغ پلەی دووەم و خوێندكاری ئامادەیی باتمانی كچان ئاینور ئاسڵان پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا.
بەڕێوەبەری خوێندنگاكە، ئیدریس تەیمور لە گوتارێكیدا ئاماژەی بەوە كرد، هەوڵ دەدەن هەموو ساڵ پێشبڕكێی جوان خوێندنەوەی شیعرەكانی ئەحمەدی خانی بەڕێوەببەن و بیكەن بە نەریت.
تەیمور باسی لەوەشكرد، خوێندنگاكەیان كە لە ساڵی ٢٠١٥دا دامەزراوە و ئەو ناوەی وەرگرتووە هەوڵ دەدەن ناوی ئەحمەدی خانی بە نەوەكانی داهاتوو بناسێنن و ئامانجیان ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا ئەو پێشبڕكێیەی ئێستا لەسەر ئاستی پارێزگاكە بەڕێوەدەچێت لەسەر ئاستی ناوچەكە و دواتر لەسەر ئاستی وڵاتەكە بەڕێوەببەن.