لە 15 رۆژدا 300 داوای جیابوونەوە تۆمارکراوە
ئەندامێکی داواکاری گشتی بە ڕەشنوسێک داوای دەرچواندنی ڕێنمای نوێ یان هەمواری یاسای باری کەسیەتی دەکات
دادگاکانی هەرێمی کوردستان شاهیدی قەرەباڵغی لە گرێبەستە هاوسەرگیرییەکانن، کە زیاتر لە 15 گرێبەستی هاوسەرگیری لە یەک دادگادا لە یەک ڕۆژدا ئەنجام دەدرێت و زۆربەی گرێبەستەکانی هاوسەرگیریش بەپەلە و بە ڕێکاری ڕۆتینی ئەنجام دەدرێن، بەبێ ئەوەی توێژەری کۆمەڵایەتی سەیری ئەو گرێبەستانە بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەردوو لایەنەکە، ئامادەن بۆ هاوسەرگیری و ڕادەی گونجانی کۆمەڵایەتی نێوانیان.
نەبوونی ڕێسایەکی یاسایی کە بنەمای گونجانی کۆمەڵایەتی و ئامادەیی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کولتووری ژن و مێردەکە بۆ هاوسەرگیری دیاری بکات، هەروەها تێکچوونی ڕۆڵی توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگاکانی باری کەسیەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی داواکار بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە و جەنجاڵبوونی دادگاکان بە گرێبەستی هاوسەرگیری بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە و پلانێک، کە دەبێتە هۆی کێشەی کۆمەڵایەتی، زۆرجار دەبێتە هۆی جیابوونەوە و کێشەی خێزانیی، ئەوەش وایکردووە داواکاری بۆ دەرچواندی ڕێنمایی نوێ یان لانیکەم، هەموارکردنەوەی یاسی باری کەسیەتی پێشنیار بکرێت. ئەمەش لەلایەن ئەندامێکی داواکاری گشتییەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی دادوەری کراوە لە هەرێمی کوردستان.
(ز.ج) تەمەنی 25ساڵە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە، گەنجێکی دانیشتووی سنوری پارێزگای سلێمانییە. بە پیشە سەرقاڵی کاری حەماڵییە لە عەلوەی شارەکە. ئەو پاش ئەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ کچێک تۆمارکردووە جیابۆتەوە، ئەوەش لەسەر ئەوەی کچەکە پاش پرۆسەی گرێبەستی هاوسەرگیری پەشیمان بۆتەوە لەوەی کە (ز.ج) حەماڵی دەکات.
بە وتەی (ز.ج) لەماوەی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەی کە تەنیا ماوەی دوو ڕۆژیان ویستووە کاتێک پرۆسەی هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە و لەو ماوەیەشدا قسەیەکی خێر نەبێت، هیچ توێژەرێکی کۆمەڵایەتی و یاسایی ڕێنمایی نەکردوون، تا هەردوولا ئاشنای بەرپرسیارێتی نێوانیان ببن.
فەرمان حەسەن، پارێزەری کارا کە ماوەی دە ساڵە کار لە کەیسە باوەکانی دادگا دەکات، لە بارەی ڕێکارەکانی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری دەڵێت “کەسانی خوازراو پاش پێشکەشکردنی داواکاری بە دادگا و پشکنینی جەستەیی و خوێن، دەگەڕێنەوە بۆ نێو دادگا بەپێی گرێبەستێکی یەک لاپەرەیی پاش نوسینی مافە کەسییەکانی ( بڕی مارەی و تەندروستی) لەبەردەم دادوەری دادگای باری کەسیەتی گرێبەستەکەیان بە فەرمی تۆمار دەکرێت و بەهاوژینی یەک بڕیار لە بارەیانەوە دەدرێت”.
دادگای باری کەسێتی بە یەکێک لە پێکھاتەی دادگا شارستانییەکان ئەژمار دەکرێت. ئەم دادگایە لە ھەر شوێنێک دادگای بەرایی بوونی ھەبێت، دادەمەزرێت. دەکرێت بە بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان دادگایەکی باری کەسیەتی بۆ سەیرکردنی جۆرێک یان زیاتر لە داواکان دابمەزرێت، ئەوەش لەژێر یاسای ژمارە 6ی ساڵی 2015یاسای هەمواری دووەمی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسیەتی ژمارە 188 ی ساڵی 1959 ی هه موار کراو لە هه رێمی کوردستان عێراق، بڕیار و سزا دیاری دەکات.
بەپێی یاسا لەپاش تۆمارکردنی داوای جیابوونەوە، بەمەبەستی چاکسازی یان ئاشتەوایی، توێژەری کۆمەڵایەتی لەنێو دادگا ڕۆڵ دەگێڕێت. بەڵام پێش ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری هیچ پسپۆرێکی یاسایی و توێژەری کۆمەڵایەتی پەیوەندی نوسراو یان زارەکی لەگەڵیان ئەنجام نادات. پارێزەر فەرمان پێی وایە، “دەبێت پێش بڕیاردان لە پرۆسەی هاوسەرگیری ئامۆژگاری هەبێت بۆ هەردوو ڕەگەز، لەڕووی خێزان هەروەها ئاستی پێگەشتنی هەردوولا”.
توێژەرێکی کۆمەڵایەتی لەنێو دادگای باری کەسی لە سلێمانی ئەوەی ئاشکراکرد کە “یاسا ڕێگەی نەداوە توێژەری کۆمەڵایەتی دیدار لەگەڵ کەسانی خوازراو ئەنجام بدات پێش تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری.” فەرمان حەسەن-ی پارێزەر پشتگیری ئەو ڕێگەپێنەدانەی یاسا دەکات و دەڵێت “ئامادەکاری پێشوەختە پێویسترە وەک لە قورسکردن و وردکردنەوەی رێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری” چونکە بە وتەی ئەو، “یاسای باری کەسێتی هەردوولا دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی”.
ناسک واحید، چالاکوان و داکۆکیکار لە مافی ژنان کە سەرۆکایەتی ڕێکخراوێک دەکات بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کلتوری و کۆمەڵایەتی بە ژنان، پێی وایە “جۆرێک لە فشارخستنە سەر دەرونی تاک ھەیە بۆ ھاوسەرگیری کە دەتوانین ناوی بنێین فشار و زۆرەملێ و ھاندانی ناڕاستەوخۆ بۆ ھاوسەرگیری، بە نموونە تێڕوانینی خراپ و بەزەییانەی کۆمەڵگا بۆ کچ و کوڕێک کە درەنگ ھاوسەرگیری دەکەن، پیاھەڵدان و وەسفکردنی ئەو کچ و کوڕانەی کە زووتر ھاوسەرگیری دەکەن و، بە سەرکەوتوو خاوەن کەسێتییان دەزانن ئەمە خۆی لەخۆیدا ھاندان و فشارێکی ھەڵەی ناڕاستەوخۆیە کە وا لە زۆرینەی گەنجەکان دەکات کێبڕکێ بکەن کە کامیان زووتر ھاوسەرگیری بکەن”.
ئەو چالاکوانە لەبارەی ئامادەیی کوڕ و کچان بۆ هاوسەرگیری لە دۆخی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “زۆر جار کوڕەکان وەک تاکێکی ئەوروپی یان ئەکتەرێکی فیلمەکان خۆشەویستی و دڵداری دەکات و کۆمەڵێک خەیاڵ و خەونی ڕەنگاو و ڕەنگ لە سەری کچێکدا دروستدەکات، بەڵام کە پرۆسەی ھاوسەرگیری ئەنجام دا دەیەوێت بە ھەمان عەقڵیەتی بابەگەورەی مامەڵە لە ھاوسەرگیریدا بکات و، ھەموو خەونە ڕەنگاوڕەنگە دروستکراوەکانی سەری کچەکە دەگۆڕێت بۆ ڕەش”.
ناسک لەگەڵ ئەوەیە کچ ئازاد بێت و ئەگەر پێویست بکات ڕێنمایی و هەمواری یاسا بکرێ یان توێژەر هەڵسەنگاندن بۆ داوای هاوسەرگیرییان بکات تا پێش لە جیابوونەوە بگیرێت لەئەنجامی تێنەگەشتن و پێ نەگەشتن.
بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2020، 7566 خێزان هەڵوەشاونەتەوە و هاوسەرەکان لەیەکتر جیابوونەتەوە. هەروەها لەساڵی 2021 لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بە کەرکوک و گەرمیانەوە، 11هەزار و 672 خێزان لێک هەڵوەشاونەتەوە. هەروەها بە گوێرەی ئامارەكان ساڵی 2022 لە هەرێمی كوردستان لە هەر چوار پرۆسەی هاوسەرگیری، یەکێکیان بە جیابوونەوە كۆتایی پێهاتووە و، ڕێژەی جیابوونەوەش زیاتر لە ناو شارەكاندا تۆماركراون. بەجۆرێک تەنیا لە هەشت مانگی ساڵی 2022، 9557 داوای جیابوونەوە لە دادگاکانی باری کەسیەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
هاوکات بۆ ساڵی 2023، بەوتەی ئەندامێکی داواکاری گشتی سلێمانی لە دادگای سێی لێکۆڵینەوە، تەنیا لە ماوەی پانزە رۆژدا و لە 1/1/2023 بۆ 15/1/2023 لە یەک دادگای باری کەسی لە سلێمانی، 300 داواکاری بۆ جیابوونەوە تۆمارکراوە.
ئاماری هەشت ساڵی پێشووتری تەڵاق و جیابوونەوە:
ساڵی 2012/ 6079 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
ساڵی 2013/ 6417 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
ساڵی 2014/ 8777 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
ساڵی 2015/ 8621 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
ساڵی 2016/ 6250 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
ساڵی 2017/ 6271 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
ساڵی 2018/ 9192 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
ساڵی 2019/ 10883 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە.
(ن.و) یەکێکە لەو ژنانەی پاش هێنانەدونیای منداڵیش، لە هاوسەری یەکەمی جیا بۆتەوە و ئێستا دووبارە هاوسەرگیری کردۆتەوە. ئەو وتی، ” غەریزە سێکسییەکان و حەزم بۆ جووتبون وای کرد، کە بۆ تێرکردنیان هاوسەرگیری بکەم، لە ماوەی ئەو پرۆسەیەشدا هیچ توێژەرێکی کۆمەڵایەتیم لەسەر ئاستی تاک نەبینیوە”.
(ن.و) لە پاش هاوسەرگیری منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی لە هاوسەری یەکەمی لەدایکبووە، بەرپرسیارێتی و قورسی هاریکاری نەکردنی یەکتری لە بەخێوکردنی منداڵەکەدا وایکردووە تێگەشتنی هاوبەش دروست نەبێت. پەرەسەندنی کێشەکان ناچار بە جیابوونەوەی کردوون. وتیشی “حکومەت پێی قورسە دۆسیەی کوڕ و کچان پێش هاوسەرگیری لەئەستۆ بگرێت و لەڕێگەی توێژەر و پسپۆرانەوە بەتاک کوڕ و کچان ببینن یان دەرفەتی ژووری تایبەت بۆ هەریەکێکمان دروست بکات”.
پارێزەر فەرمان حەسەن، پێی وایە “دەبێت هەر پرۆسەیەکی پەیوەست بە زەواجەوە زوو بدات بەدەستەوە، نابێت ڕێکار و تاقیباتی زۆری تێدابێت، یاسا پێویستییەکانی پرۆسەی هاوسەرگیری دیاری کردووە و رێکارەکانیش دادگا ئەنجامی دەدات. بۆیە لەم ڕووە یاسا پەراوێز نەخراوە، بەڵام دەکرێت باس لە هەندێک موخالەفە بکەین، لەوانەش کە (موراعاتی بەندە یاسا ییەکان ناکرێ). بە نموونە ( هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا، هاوسەرگیری تەمەن منداڵ ، فرەژنی) ئەمانە هەمووی لە دەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێن و گرفتی گەورەیان دروستکردووە و هیچ ڕێکارێک نییە بۆ رێکخستنیان”.
ئەو پارێزەرە چەند نموونەیەکی بەهۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە هێنایەوە، لەوانە لەپڕ کرانەوەی کۆمەڵگە بەرووی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت و شێوازی بەکارهێنانی، گرانی تێچووی بەڕێوەچوونی خێزان، نەبوونی رۆشنبیری و ئامادەنەبوونی تاک بۆ ئارامگرتن و ئیدارەدانی خێزان لە دۆخی سەختدا.
باوترین ئەو کەیسانەی کە ئێستا لەدادگا هەن بریتین لە کێشە لە نەبوونی بڕوانامەی هاوتا، کێشەی لەچک، جلوبەرگ گۆڕین، سەردانی ماڵی خەزوور، چوونە دەرەوە، ئیهانەکردن، توندوتیژی و، گۆڕینەوەی هاوسەر.
بە وتەی توێژەرێکی دادگا “زاوایەک تەنیا لەبەر ئەوەی خەزووری پێی وتووە ئەم چاکەتەت چییە لەبەرتا وەرە با چاکەتێکی ترت بۆ بکڕم، کاکی زاوا هاتووە بۆ دادگا و ئەمە بە ئیهانە تێگەشتووە وتوویەتی لە هاوسەرم جیا دەبمەوە، چونکە لەناو خەڵکا خەزوورم منی (سووک) کردووە.”
بەوتەی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، دۆسیەکانی جیابوونەوە لە دادگاکاندا زۆرن، بەڵام ژمارەیەک لەو دۆسییەیانە دادوەرەکان ئاڕاستەی لای توێژەرەکانی کۆمەڵایەتی دەکەن، ئەوانیش لانیکەم ڕۆژانە سێ کەیسی نوێ دەبینن، کە هەوڵی چاکسازی و نەگەیشتن بە بڕیاری کۆتایی جیابوونەوەیان دەدەن.
هۆکارێکی زۆر بۆ دیوی دووەمی قەرەباڵغی نێو دادگاکان بۆ جیابوونەوە دەخرێنەڕوو، بەنموونە (هۆشیاری خەڵکی زیادی کردووە بەرامبەر بە یاسا و چاوکرانەوە بۆ مافەکانی، خەڵکانێکی زۆر پرسیار دەکەن کاتێک ناحەقیان لەبەرامبەر دەکرێ، رۆژگاری ئەمرۆ خەڵک ئەوەندە ئەحتیاجی نییە تا بەدەم کێشەکانییەوە دابنیشێت).
لە جیهاد عومەر ڕێشاوی، توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگای باری کەسیەتی سلێمانی-م پرسی لاپەڕەیەکی ئەی فۆڕ کە هەمووی کۆ بکەیتەوە 100وشەیە، ئایە ئەوە ژن و پیاو دەگەیەنێت بە ژیانێکی سەرکەوتوو، ئەو ئاماژەی بەوەکرد، “دادگا پێی وایە، شوێنی ڕێکخستن و ئامۆژگاریکردن و ڕێککەوتنی کەسەکان نییە، بەڵکو لە رووی یاساییەوە شوێنی یەکلابوونەوەی کێشە و بەیەک گەشتنی کەسەکانە، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە لە دەرەوەی دادگا دروستبووە دەبێت فەرمانگە یان دامەزراوە هەبێت، ڕۆڵی لێکۆڵینەوە و ئامۆژگاریکردنی پێش پرۆسەی هاوسەرگیری ببینێت، تا بزانرێت ئەو دوو کەسە تاچەند گونجاون بۆ یەک، یان رادەی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە نێوانیان تا چ ئاستێکە”.
سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی کە ئێستا لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە کراوەتەوە و سەرپەرشتی دەکرێت، بەکۆی 12کاتژمێر وانە بەو کوڕ و کچانە دەڵێنەوە، کە دەچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، بەڵام بەوتەی جیهاد، “ئەم پرۆسەیە سەرجەم کوڕ و کچان لێی سودمەند نین بەڵکو لەکاتی فەحسی خوێن لێیان هەڵدەبژێرن، ئەمەش هەوڵێكی زۆر بچووکە، کە ناتوانێت تەختیەی هەموو ئەو داوایانە بکات کە دەچنە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری، بەهۆی ئەوەی کارمەندەکانیان خۆبەخشن و ستافیان کەمە”.
“گرێبەستی هاوسەرگیری ئێستا تەنیا مارەی و تەڵاقی تێدایە، ئەگەر بێت و خولی گەشەپێدان هەبێت، پاشتر توێژەرێکی کۆمەڵایەتی بیان بینێت ئەوکاتە هەردوولا بابەتەکە زۆر بە قورس و گرنگ وەردەگرن، نەک لەبەرامبەردا کە هاوسەرەکان ئێستا لێیان دەپرسین نازانن گرێبەستی هاوسەرگیرییەکەیان لەکوێیە، کە ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە گرێبەستەکە هەر لە بنەرەتدا بە نرخ نەبووە لەلایان”، جیهاد ڕێشاوی وای وت.
دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان بەشداری لەم راپۆرتەدا کرد و ئەوەی خستەڕوو، “لە ئاینی ئیسلامدا پرۆسەی هاوسەرگیری پیرۆزە و خودای گەورە بە گرێبەستی توند ناوی هێناوە، لە هەرێمی کوردستانی خۆشمان پرۆسەکە سێ دیوی هەیە (یاسایی، ئاینی و کۆمەڵایەتی)، لەرووی ئاینییەوە هەندێکجار مامۆستایان پێش دادگا پرۆسەکە بۆ کچان و کوڕان ئەنجامدەدەن، کە ئێمە بەردەوام داوامان لە مامۆستایانی ئاینی کردووە، پشکنین بکەن و ئامۆژگارییان بکرێ پاشتر بڕیار لە گرێدانیان بدرێت”.
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان پێی وایە، “پێویستە دایک و باوکی، کوڕان و کچان لەرووی کۆمەڵایەتییەوە یارمەتیدەدەر بن، چونکە ئەو کوڕ و کچانە تەمەن و ئەزموونیان لەو ئاستەدا نییە کە ڕاستەوخۆ دەستبەرداریان ببن، خودای گەورە ئەو رۆڵەی بە خێزان داوە کە لەنێوان کوڕان و کچانی تازە هاوسەردا یارمەتیدەر بن”.
بەوتەی عەبدوڵڵا وەیسی، ڕێژەی تەڵاق وردە وردە زیاتر دەبێت، ئەو ئاماری هەشت مانگی ساڵی 2022ی بە نموونە هێنایەوە و کە لەو ماوەیەدا، نۆ هەزار 557 داوای جیابوونەوە لە دادگاکانی باری کەسیەتی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. بەوتەی عەبدوڵلا وەیسی ئەمە وایکردووە، “کوڕەکە سەرگەردان ببێت و ئەگەر منداڵیش لەنێوانیاندا هەبێت ئەوە منداڵەکەش سەرگەردان ببێت، هەروەک بۆ ژنەکەش قورسە دووبارە بتوانێت ژیان لەگەل کەسێکی دیکە پێک بهێنێتەوە”.
بەوتەی عەبدوڵلا وەیسی، ئەوان لەلایان کێشە ئەوەنییە، کە گرێبەستی هاوسەرگیری یەک لاپەڕەیە و ماوەی 30خولەک دەخایەنێت بەڵکو ئەو پێی وابوو، هۆکارەکانی بەرزی ڕێژەی جیابوونەوە بریتین لە، (پەلەکردنی گەنجان لە ئەنجامدانی هاوسەرگیری، گەنجان لەرووی جەستییەوە ئامادە نین، بەشێکی گەنجەکان گرفتی ئابوورییان هەیە، خێزانەکان تەداخولی ژیانیان بکەن)، گرفتی پاش ئەمەش گەورەترە، کە لەپاش پرۆسەکە دەردەکەون و دەبنە گرێی کۆمەڵایەتیی و کاریگەری گەورەیان هەیە لە لێکترازانی خێزان.
لەو حاڵەتەشدا، ئەگەر لێکتێنەگەشتن لەنێوان هەردوولا روویدا، ئاینی ئیسلام ڕێنمایی کردووین کە کەسێکی نزیکی کوڕەکە و کەسێکی نزیکی کچەکە هەوڵی ئیسڵاح “ئاشتەوایی” بدەن لەنێوانیاندا، بەو مەرجەی ئەو دوو کەسە ئاشتی خوازبن و هەوڵی ئاشتەوایی بدەن.
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان پێشنیاری کرد، بەشێک لە کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان بە یاسا ڕێکبخرێن، چونکە بەوتەی ئەو، “ئەو یاسایانە ئێستای باری کەسیەتی بەرکارن جێگەی رەزامەندییانە، و مامۆستایانی ئاینیش درێغیان نەکردووە، بەڵکو دەبێت لەم قۆناغەدا باس لە گونجاندن بکرێت نەک دوو کەس بیانەوێت وەک یەک بن کە ئەمە هەرگیز روونادات”.
(ش.ع) تەمەنی 23ساڵ یەکێکە لەو کەسانەی پاش گرێبەستی هاوسەرگیری رووبەرووی توندوتیژی بۆتەوە باس لە ڕێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری دەکات، ئەو دەڵێت، “لە ئەنجامی بینینی کەسێک پەیوەندیی لەنێوانیان دروستبووە پاش رەزامەندی خانەوادەی هەردوولا بۆ بوون بە هاوژینی یەکتر، تەنیا ماوەی دوو رۆژیان پێچووە کە کاتێک گرێبەستەکەیان کردووە بە یاسایی، رۆژێک بۆ پشکنین و رۆژێک بۆ واژۆکردنی دادوەر و بەدەستهێنانی گرێبەستی هاوسەرگیری”.
ئەو لەئەنجامی گفتوگۆیەک لەگەڵ هاوسەرەکەی رووبەروی لێدان بۆتەوە.. زۆرجار ویستوویەتی بچێتەوە ماڵی دایکی و هەندێکجاریش داوای چوونەوە دەرەوەی کردووە، بەڵام هاوسەرەکەی ڕێگەی پێ نەداوە، ئەو ئەوەی ئاشکراکرد، “لە سەروبەندی پێکهێنانی خێزان و تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری جگە لە قسەی کەسوکاری، هیچ پسۆرێکی یاسایی و توێژەر بەرچاو روونی پێ نەداون لە کاتی تۆمارکردن و پشکنینەکانی بەڵێننامە و گرێبەندی هاوسەرگیری، پاش ئەوەی رووبەرووی لێدان دەبێتەوە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە، وای لێدەکات لەلای پۆلیسی سکاڵا بکات و هەنگاوی کردەیش بۆ دادگا بنێت بە مەبەستی جیابوونەوە”.
ناسک واحید-ی چالاکوان، لەبارەی جیابوونەوەی هاوسەران رایەکی جیاوازتری هەیە و دەڵێت، ” ڕاستییەک ھەیە دەبێت ھەمووان بیزانین و لێی تێبگەین ئەویش ئەوەیە سەرەڕای ئەوەی کە جیابونەوە ڕێکارێکی ناخۆشە، بەڵام بڕیارێکی باشە چونکە جیابوونەوە بەدیلی کێشەی خراپترە و بۆ چارەسەری کێشەی گەورەترە”. ئاماژە بەوەشدەکات، ” ئێمە لە پرۆسەی ھاوسەرگیریدا مرۆڤ لە قاڵبێکی ئەبەدی ئەدەین، بۆ نموونە چەندەھا ژن ھەن کە پێش ھاوسەرگیری سەردانی ھاوڕێی خۆی کردووە و گەشتی کردووە، بەڵام دووای ھاوسەرگیری ڕێگری ھەموو ئەمانەی لێ دەکرێت و سەرجەم ویستە زەوت دەکرێت، ھەر بۆیە لەو پرۆسەدا ھەست بە خنکان دەکات”.
لە بارەی ئەوەی دادگا رۆڵی بە توێژەرانی کۆمەڵایەتی نەداوە، کوڕ و کچان داواکار بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری ببینن، جیهاد عومەر ڕێشاوی پێی وایە، “رێکارەکە کۆمەڵایەتییەن هەڵەیە” پێشی وابوو دەکرێ لەڕێگەی ستافی زیاترەوە دادگا رۆڵی ڕێنمایی و ئامۆژگاری ببینێت، بەڵام بەم ستافە کەمەی ئێستا ناتوانن، چونکە ئێستا لەکۆی 10دادگای باری کەسیەتی تەنیا لە سنوری سلێمانی سێ توێژەری کۆمەڵایەتی تێیاندا کاردەکەن.
ئەو توێژەری کۆمەڵایەتییە وتیشی، “لە راستیدا هەر شکڵی گریبەستی هاوسەرگیرییەکە زۆر ناشرینە، جگە لەوەی بێ زانیارییە زۆرجار هەر ناخوێندرێتەوە”. دەکرێ زۆرێک لە بڕگە و ماددەکانی یاسای باری کەسی بکرێتە نێو گرێبەستەکەوە، چی وەک ڕێنمایی یان وەک پابەندێتی، بەوپێیەی دامەزراوەکانی حکومەت نەیانتوانیوە خەڵک ئاڕاستە بکەن بۆ گونجاندن، لەکاتێکدا ئەم دامەزراوە میرییانە کاریان زۆر پێ دەکرێت، دەبوو کاریان لەسەر ئەوەبکردایە چۆن خێزان ڕێکبخەن و یەکبخەن”.
دادوەر چنار عەبدولقادر، ئەندامی داواکاری گشتی سلێمانی یەکێکە لەو پسپۆرانەی کە لەساڵی 1997ەوە لە دادگای باری کەسیەتی کاردەکات و پێشنیاری دەرکردنی ڕێنمایی نوێ و دەستکاریکردنی ناوەرۆکی گرێبەستی هاوسەرگیری هەیە، لە کۆتا ئەگەردا هەمواری یاسەکەش وە ئەگەرێک بۆ چاکسازی دەهێنێتەوە، ئەو لەبارەی پرۆسەکەوە ئاماژەی بەوەکرد، “ئیجرائاتەکانی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆتە ڕۆتینێک، تەنیا مەبەست لێی ئەنجامدانی پرۆسەکەیە، ئەو ئاسانکارییەی لە پرۆسەی هاوسەرگیری هەیە، هۆکارە بۆ ئەو ئامارە شۆکهێنەرانەی رۆژانە لەبارەی داوای جیابوونەوە و لێک هەڵوەشاندنەوەی خێزان دەیبینین”.
خوازیاران تێگەشتنێکی بەهێزیان نییە، لەسەر بناغەکردنی خێزان لەناو کۆمەڵ و لێکەوتە و بەرپرسیاربوون بەرامبەری، بەپێچەوانەی ئەوەی تەنیا بیریان لەلای ئەوەیە کوڕەکە کچەکەی خۆش دەوێت و هاوسەرگیری بکەن، کە ئەوە هیچ تێگەشتنێک دروست ناکات بەرامبەر ئەوەی بزانن چی لەسەر شانیانە چی مافیانە، ئەگەر لەبەرامبەر ئەمەدا هۆشیاری یاساییان پێ بدرێت و یاساکانی بەردەمیان بخرێتە پێش چاو ئەوکات سڵ دەکەنەوە و ناتوانن بیگەیەنن بە خاڵی کۆتایی، چونکە ئەو دوو کەسە زۆر بەئاسانی گرێبەستی هاوسەرگیریان کردووە، واش خەیاڵ دەکەن دەست لەیەکبەردانیان ئاسان بێت.
ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی لەبارەی ئەو دۆسیەیانەی هاتووەتە لایان ئاماژە بەوەدەکات “هەموو دۆسیەکان تا زەواج ڕێک بوون، بەڵام لە پاش زەواج بۆ هەردوولا دەرکەوتووە کە ناتوانن بگونجێن پێکەوە. لەم پرۆسەیەشدا دەرکەوتووە نە لە پێش زەواج نە لەدوای زەواج پشت بە توێژەی کۆمەڵایەتی نەبەستراوە ، تەنانەت ئێستا داوای جیابوونەوەی پێش گواستنەوە و دوای گواستنەوەشمان هەیە، کە ئامارەکانی زۆر ترسناکن”.
دادوەر چنار عەبدولقادر وەڵامی بۆچوونە یاسایی و ئاینییەکان دەداتەو و دەڵێت، “ئەزموون زۆر گرنگە، پێم وانییە بەڕێز پارێزەر و بەڕێزان مامۆستایانی ئاینی تێگەشتنی قوڵیان بۆ بابەتەکە هەبێت، خاڵێک نییە لە جۆرەکانی توندوتیژی لەنێو خێزانی کورد رووینەدابێت سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژیمان تۆمارکردووە، هەر داوا و خاڵێکی کۆمەڵایەتی بتەوێت بەسەر گشتدا پەیڕەوی بکەیت و بیسەپێنێت، دەبێت بە یاسا بێت، دەکرێت سوود لە بۆشایی و خاڵەکانی ناو یاسای باری کەسی وەربگیردرێت، کە تائێستاش لەنێو گرێبەستی هاوسەرگیری یان دانەنراون یان پەراوێزخراون”.
“من ئێستا لەگەڵ دەرچواندنی ڕێنمایی نوێم، یان لە دواخاڵی کەمدا هەمواری یاساکە، ئەمەشم بە نوسراو ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری کردووە ە بەنموونە بۆم روونکردونەتەوە کە دەبێت بڕگەی نوێی بۆ زیاد بکرێت و روونکردنەوە لە بارەی هەندێک ماددە و بڕگە بدرێت.”
بە وتەی ئەو ئەندامەی داواکاری گشتی “لەنێو یاسایەکەدا هاتووە کە دەبێت مێرد، سەرجەم بڕی ئاڵتون و پێشەکی بۆ ژن بکات، بەڵام لە گرێبەستدا بە پێشەکی و پاشەکی ئاماژە بەو بابەتە کراوە، کە واتێگەشتن کراوە ئەمە یاساکە وای ڕێکخستبێت”.
ئەو دادوەر باس لەهەندێک رووداوی نێو دۆسییەکان دەکات کە هەندێک لە هاوسەران(کوڕ) بەس بە وتن وتویانە، ئاڵتون دەکەین، بەڵام ئەو وەک دادوەرێک ئەمەی ڕاگرتووە، تا وەسڵی کڕینی ئاڵتونی کچەکەیان بۆ هێناوە، چونکە بەوتەی خۆی “ئەوە مافێکی خۆیەتی(ژن) بەوەش ڕێگەم لەوە گرتووە لەپاش هاوسەرگیری کێشەیان بۆ دروست ببێت، لە ئەنجامدا کچەکە بە دڵێکی خۆشەوە هاتۆتەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی”.
ئەو لەبارەی دۆسیەکانەوە دەڵێت، “هەندێک لە هاوسەران نیەتی دروستکردنی خێزانێکی تۆکمەیان نەهێناوەتەوە بوون، دۆسیەمان هەبووە، کە هاوسەر کاری بەدرەوشتی بە ژنەکەی کردووە، یان بە هاوسەرەکەی پاکبوونەوەی قەرزی کردۆتەوە، بەرامبەر بەوەی پیاوی و ژنێکی غەیرە کاری ژن و مێردایەتی بکەن، ئەم کەیسانە زۆر قورسن، جۆرە توندوتیژییەکان شاهیدیان بۆ پەیدا نابێت، لەبەرانبەدا ژنان بەهۆی ئەم بابەتەوە کەیسەکانیان دۆراندووە”.
“زۆرێک لەو کچانەی کە خێزان یان هاوسەر نایانگرنە خۆ دەخرێنە شێڵتەر، کەیسمان هەیە لەپاش ئەوەش کێشە یان گرفتی دیکەی دروستکردووە، شێڵتەرەکە وتوویەتی پەنجەرە و تەلەفزیۆنی شکاندووە… من دەمەوێت لەوە بگەم بۆ دەبێت لەسەر یەک وەرەقە هەمووژیان بنیاد بنرێت، بەڵکو با سێ لاپەرە بێت دەفتەرێک بێت با هەموو زانیارییەکانی هەردوولایەنی لەسەر بێت و، باس لە ماددە سزاییەکان بکات. هەرکات هاوسەران بزانن ئەوانە دەرئەنجامی توندوتیژییەکانیانە ئەوا هەرگیز دەست بۆ توندوتیژی نابەن…ئەم دۆخە ئەوەندە پێویست و هەستیارە چۆن پێویستە مناڵ فێری ئەلوفبێ بکرێت لە قۆناغی خوێندندا پێویستە بەهەمان دیزانین کۆمەڵێک یاسا فێر ببێت”
“دەبێت مافەکان جێگیربکەین و وردەکاری ناو یاسای باری کەسی جێبەجێ بکەین، کەیسەکانی جیابوونەوە لەسەر هۆکاری زۆر بەسیت داوای جیابوونەوەیان پێشکەشکردووە، بۆیە من جەخت لە سوود وەرگرتن لە وردەکاری ناو یاسای باری کەسێتی یان هەمواری یاساکە دەکەمەوە، ناکرێ بەهۆی هۆکارێکی بچووک خێزان بگەن بەوەی یەکسەر داوای جیابوونەوە بکەن”، دادوەر چنار عەبدولقادر وای وت.
بەپێی ئەو رەشنووسەی دەست ئامادەکاری ئەم ڕاپۆرتە کەوتوە، لە ڕەشنووسی داواکارییەکانی ئەو ئەندامەی داواکاری گشتیدا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان-ی کردووە، ئەوە هاتووە کە گرێبەستی مارەبڕین لە رووی ڕواڵەت (شکلی) لەڕووی بابەت(مەوزوعی) بتوانرێت لەسەر بنەمای (یاسا و ئاین و دابونەریتی کۆمەڵایەتی) سوود لە دەقە یاساییەکان وەربگیرێت و، ڕێنمایی نوێی پێ دەرچوێندرێت. ئەو ئەندامە پێشنیاری ژمارەیەک خاڵی کردووە، داوای لانیکەم هەموار یان پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی یاسایی باری کەسێتیشی کردووە، کە دیارترین لە گۆرانکارییەکان ئەمانەن:
- هەبوونی وێنەی هەردوولایەن لەسەر گرێبەست.
- ناوی گرێبەستەکە یەکخراو بێت.
- ئاماژەکردن بەتەواوی زانیاری هەردوولایەن.
- وەرگرتنی تەواوی حەقی پێشەکی و پاشەکی مارەیی، هەر لە سەرەتادا.
- ئاماژەدان بە ئەرک و ماف.
- هەمواری ئێستا باری کەسی لە رووی (ماددە)، (ڕێکارەکان) نارێکی تێدایە.
(ز.ج) ئێستا لە دۆخێکی ناهەمواردایە، بەردەوام لەشارەزایی یاسایی و کەسانی بە ئەزموون دەپرسێ، مەبەستێتی ساتێک زووتر لەو دۆخە ڕزگاری ببێت کە پاش تۆمارکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری تووشی هاتووە. دادگاش بەمەبەستی ئاشتەوایی جارێک ڕۆژی دانیشتنی دادگایکردنەکەی دواخستووە، لەکاتێکدا ئەو لەگەڵ دەستگیرانەکەی “پێشووی” کە بەهۆی کاری حەماڵیەوە نەیوستووە، گەشتوون بە بڕیاری کۆتایی و جیابوونەوە.
ئامادەکردنی/ رۆژنامەنووس ئەحمەد مستەفا
لە ساڵی 2012ەوە کاری رۆژنامەوانی دەکات.
بڕوانامەی دبلۆم و بەکالۆریۆسی لە رۆژنامەوانی تەلەفزیۆن و تەکنیکی میدیا هەیە.
ئەندامی کارایە لەسەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.
ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق.
ئەندامە لە لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان.
کاری رۆژنامەوانی و سەربەخۆی بۆ زۆرێک دەزگەی میدیایی کردووە لە ئێستادا لەگەڵ “تۆڕی964” وەک پەیامنێر کاردەکات.
*ئەم راپۆرتە رۆژنامەوانییە بەپاڵپشتی دارایی INTERNEWS و GIZ بەرھەمھێنراوە.