ماوەی چەند ڕۆژێكە بەردەوام نرخی دۆلار ڕوو لە داشكانە بەرامبەر بە دیناری عێراقی، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخەكەی بەرزبووەوە و هەموو 100 دۆلار بڕی 2 هەزار دیناری چووەوەسەر.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دراوەكان بەهای 100 دۆلار بە نزیكەی 143 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرا و ماوەی چەند ڕۆژێكیش بوو بەردەوام بەهاكەی لەدابەزیندا بوو.
ڕاشیگەیاند، لە كاتی ئێوارەدا و لەكاتی داخستنی بازاڕی دۆلارەكە، نرخەكەی زیاتر بەرزبووەوە و ئێستا 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی خستنەبازاڕی دۆلارێكی زۆر لەلایەن بانكی ناوەندییەوە و هەروەها لێدوانی بەرپرسانی بانكەكە و نوری مالكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ دابەزینی بەهای دۆلار تاوەكو دوای جەژنی ڕەمەزان، بەهای ئەو دراوە ئەمریكییەی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بە بڕێكی زۆر دابەزاند.