سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ناكۆكییەكان لەگەڵ پارتی لەسەر نەبوونی شەفافییەتن لە دۆسیەی نەوت و داهات، بە جۆرێك حكومەت نەوتی فرۆشتووە و لە هەمان كاتدا دەیان ملیار دۆلار قەرزدارە.
ئەمڕۆ سێ شەممە سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند:”حكومەتی هەرێم كەوتووەتە دۆخێكی خراپەوە و تیمی وەزاریی یەكێتی بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی لەسەر نەبوونی شەفافییەت لە نەوت و داهاتدا هەن، بایكۆتی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە”.
بە وتەی سەعدی ئەحمەد پیرە:”عێراق لە جەنگدا بووە و نەوتی فرۆشتووە، بەڵام 130 ملیار دۆلاری پاشەكەوتكردووە، ئێمەش نەوتمان فرۆشتووە و 35 ملیار دۆلار قەرزدارین، كارەساتەكە لێرەدایە و ناكۆكییەكانمان لەسەر ئەمەن”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێیوایە:”هەرێمی كوردستان وڵاتێكی بێكابانە، نەیتوانیوە ئیدارەی مەملەكەت بدات، نەوتی فرۆشتووە و مووچەی كەمكردووەتەوە و جۆرەها ئیمتیازاتی لە خەڵك كەمكردووەتەوە، هێشتا 35 ملیار دۆلار قەرزدارە”.
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت:”ئەوەی ئەم كارەی كردووە، خودا بە حەج و عەمرە لێیخۆشنابێت”.