بانكی ناوەندی عیراق 191 ملیۆن دۆلاری ئەمریكایی دەخاتە بازاڕەوە كە بە بڕێكی كەمتر بەراورد بە ڕۆژی پێشوو دادەنرێت، لە هەمان كاتدا نرخی دراوەكە لە بازاڕەكانی ناوخۆدا هەندێك بەرزبوونەوە بەخۆوەدەبینێت.
ئەمڕۆ سێ شەممە، بانكی ناوەندی عیراق، بڕی 191 ملیۆن و 510 هەزار و 98 دۆلاری خستەبازاڕەوە، ئەمەش بە بڕێكی كەمتری فرۆشتنی ئەو دراوە دادەنرێت بەراورد بە ڕۆژی پێشوو.
بانكی ناوەندی دەڵێت: “لە كۆی گشتی پارەكە 46 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بەشێوەی كاش فرۆشراوە و ئەوی تر كە 145 ملیۆن و 10 هەزار و 98 دۆلار بوو بۆ پتەوكردنی ڕەسیدی بانكەكان بووە لە دەرەوەی وڵات”.
هەر لە بەیاننامەكەی بانكی ناوەندیدا هاتووە، ”لە پرۆسەكەدا 15 بانك بۆ دابینكردنی داواكاریی نەختینە و 19 بانك بۆ داواكارییەكانی پتەوكردنی ڕەسیدی دەرەوەی وڵات و 135 كۆمپانیا بەشدارییان كردووە، هەر دۆلارێكیش بە 1310 دینار فرۆشراوە.
ئێوارەی سێ شەممە، نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بە 144 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا، لەكاتێكدا دوێنێ دوو شەممە نرخی دراوەكە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و 100 دۆلار بە 142 هەزار دینار مامەڵەی پێوەكرا.