باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسكی رایگەیاند كۆبوونەوەیەكی بەرھەمداریان لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كارە لەپێشینەكانی ئەمریكا لە ھەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجامداوە.
جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی لەچوارچێوەی سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسكی كۆبووەوە.
لەمبارەیەوە ئالینا رۆمانۆسكی لە تویتێكدا نووسیوویەتی: “كۆبوونەوەیەكی بەرھەمدارمان لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر كارە لەپێشینەكانی ئەمریكا لە ھەرێمی كوردستان و عێراق ئەنجامدا لەنێویاندا چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، شكستپێھێنانی داعش و ھاوكارییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق لە كەرتی نەوت و غازدا”.
دوێنێ دووشەممە، جێگری سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغدا كە لە میانیدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆكی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیكی و سەرۆكی ھاوپەیمانی فەتح، ھادی عامری كۆبووەوە.
ئەم كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە ئەمریكا بڕیاریداوە لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دەستپێبكات.
ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكرد “وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەكات”.
ئاشكراشیكرد لە هێرشەكەی رۆژی هەینی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا هیچ ئەمریكاییەك زیانی پێنەگەیشتووە.
دەشڵێت: دژی هەر هەنگاوێك رادەوەستن كە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە بخاتە مەترسییەوە و دەبێت رێز لە سەروەری و پارێزراوی خاكی عێراق بگیرێت.