ئەمڕۆ سێشەممە بۆ دووهەم ڕۆژ مانگرتنی ناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكردەوە و چاوەڕێدەكرێت هاوشێوەی دوێنێ دووكان و بازاڕەكانیش بۆ پشتیوانی لە ناوەندەكانی خوێندن دابخرێن.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی شاری سەقز لە كاردانەوەی ژەهراویكردنی شەش خوێندنگە هات كە بەهۆیەوە 50 خوێندكار بەهۆی ژەهراویبوونەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەكان كراون.
بەر لە چوار مانگ هەڵمەتی ژەهراویكردن بۆ سەر ناوەندەكانی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران دەستیپێكردووە و لە دوای پشووەكانی جەژنی نەورۆزەوە لە شارەكانی سەقز، سنە، دیواندەرە و مەڕاغە دەستیپێكردووەتەوە.
هاووڵاتیان دوو ڕۆژی ڕابردوو لە شاری سەقز مانگرتن و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردووە، داوایان لە دەسەڵاتداران كردووە منداڵەكانیان لە هێرشە گازییەكان بپارێزن و بەرپرسیاران سزا بدەن.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا داوای لە هاووڵاتیان كردووە ئەو ماوەیە منداڵەكانیان بۆ پارێزگارییان بۆ خوێندنگەكان نەنێرنەوە.
بزووتنەوەكە، داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ كردووە لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەئەو هێرشە گازییانە پێكبهێنن و گووشار لەسەر دەوڵەتی ئێران درووست بكەن.
لای خۆیەوە ناوەندی نووسەرانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشە گازییەكان بۆ سەر خوێندنگەكانی سنووری سەقز شەرمەزار دەكات.
دەشڵێت “ژەهراویبوونی قوتابییان له قوتابخانەكانی كوردستان هیشتا بەردەوامە و نزیك بە هەزاران قوتابی ژاراوی بوون”.
ئاشكراشیكرد “بەداخەوە ڕۆژی هەینی، منداڵێك بە ناوی كارۆ پەشاوایی، خەڵكی شاری كامێران لە شاری تاران بەهۆی كاریگەری ژەهراویبوونیەوە گیانی لەدەست دا.”