یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان رایگەیاند، دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان لە پاشەکشێی گەورەدایەو بەهۆی بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، خەریکە بەتەواوەتی بازاڕ لە دەست دەدەن، دەشڵێن: دەستەیەک لە وەبەرهێنەران، لە بارەی ئەو زیانانەی بەر کەرتەکە کەوتووەوە سەردانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەکەن
یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر بانگهێشتی، ئەحمەد ئیسماعیل گەورە وەبەرهێنەری کوردستان، ئێوارەخوانێک بۆ ژمارەیەک لەوەبەرهێنەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، دواتر گفتوگۆ دەربارەی ئەو خاڵە لاوازانە کرا، کە لە ئێستادا بووەتە هۆکاری پاشەکشەی بازاڕ و خاو بوونەوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و دابەزینی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و لەدەستدانی سەدان هەلی کار لە هەرێمی کوردستان.
دەستەی وەبەرهینەرانی کوردستان لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەوەی ئێستا بەشێک لە وەبەرهێنەرانی کوردستان لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق سەرقاڵی بەگەڕخستنی سەرمایەکانیانن و پڕۆژە ئەنجام دەدەن، ئەو خاڵە ئەرێنیانە باسکرا کە حکومەتی فیدڕاڵ پەیڕەویان لێدەکات بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەری دەرەکی و لە نێویشیاندا وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان، کە بەو هۆیەوە چەندین سەرمایەدار لە ئێستادا بەسەرمایەی زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار لە شارەکانی عێراق پڕۆژە ئەنجام دەدەن، بۆیە غیابی وەبەرهێنە سەرکەوتووەکانمان ئێستا بەڕوونی بە کارو پڕۆژەکانی هەرێمەوە دیارە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە ئێوارە خوانەکەدا، ئەو خاڵە لاواز و نەرێنیانەش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا کە پێویستی بە چارەسەری خێرا و بەپەلە هەیە، لە سەروو هەموویانەوە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە سیاسیانەی لە چەند مانگی ڕابردوودا لەهەرێمدا پەرەیان سەندووە، کە بوونەتە تارمایی و گورزی کوشندە لەسەر کار و بازاڕ و پڕۆژەکان و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان بەگشتی.
دەستەکە دەشڵێت:” لە ئێوارەخوانەکەدا وەبەرهێنەران بە گرنگیان زانی کە هەرچی زووە ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنرێن و خەمی خەڵک و ڕێگری لە هەرەسهێنانی ئاوەدانی و ئابووری هەرێم بکرێت و ئاشتی و ئارامی بە بەرگی ناکۆکییەکاندا بکرێت و هەمووان پێکەوە ئەم کوردستانە بەرەو بووژانەوە و ئابوورییەکی بەهێز ببەین”.
وەبەرهێنەران داواشیانکرد، ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، بکرێتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ پڕکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو کەموکورتی و زیانانەی لەکەرتی تایبەت کە تووە لەسەرتای سەرهەڵدانی قەیرانەکانەوە تا ئێستا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە لە کۆتایدا بڕیاردرا دەستەیەک لە وەبەرهێنەران، بۆ ڕەوینەوەی ئەو تەمی ناکۆکیانە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگرەکەی بکەن و ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل لە داتا و زانیاری پەیوەست بە پاشەکشەی ئەو سێکتەرانە بخەنەڕوو کە لەماوەی ڕابردوودا تووشی زیانی گەورە بوون و بەرچاوڕوونیان لەو بارەیەوە بدەنێ.
هەروەها سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، پێشوازی لەم دەستپێشخەرییەی یەکێتی وەبەرهێنەران کرد و پشتگیری لە داواکانیان کرد و بڕیاریدا، سبەینێ لێژنەیەکی باڵا لەدەستەی وەبەرهێنان بە نوێنەرایەتی یەکێتی وەبەرهێنەرانی کوردستان پێکبهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو خاڵانەی خرانەڕوو تا پێکەوە بە هاوبەشی ڕاپۆرتێکی تێر و تەسەل بدەنە سەرۆکایەتی حکومەت.