خەڵك-
ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێ دەربارەی كردنەوەی بانكەكانی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێم ئاشكرادەكات و دەڵێت: “بۆ كردنەوەی لقی بانكی ڕافیدەین چاوەڕێی ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی هەرێمین و بۆ لقی بانكی ڕەشید ڕەزامەندی سەرەتایی لەلایەن وەزیری دارایی هەرێم دراوە”.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بۆ دووبارە كردنەوەی لقەكانی بانكی ڕافیدەین و ڕەشید لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، كە لەدوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ هاوشێوەی سەرجەم دامەزراوەكانی حكومەتی ناوەند لە هەرێم كشانەوە، لەماوەی ڕابردوو بەچەند نووسراوێك داوای لە بانكی ناوەند و ڕافیدەین و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كردووە بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی.
وتیشی، “لەم چوارچێوەیەشدا سەبارەت بە بانكی ڕافیدەین نوێترین نووسراوی ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا كردووە بەمەبەستی وەرگرتنی ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم”.
ئاماژەی بەوەشكرد، سەبارەت بە بانكی ڕەشید بەپێی نووسراوێكی بانكی ناوەند لەواڵامی چەند پرسێارێكماندا پەیوەست بە سیاسەتی نەقدی و كەرتی بانكی، ئاماژەیان داوە بەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕەزامەندی سەرەتایی دەربڕیوە بۆ كردنەوەی لقەكانی ئەو بانكە لە شارەكانی هەرێم.