لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی كوردستان جارێكی دیكە ژەهراویكردنی ناوەندەكانی خوێندن دەستیپێكردەوە.
بەپێی زانیارییەكان، شەش خوێندنگە لە شاری سەقز ژەهراوی كراون و زیاتر لە 50 خوێندكار تەندرووستییان تێكچووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.
ماوەی چەند مانگێكە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ژەهراویكردنی ناوەندەكانی خوێندن درێژەی هەیە و چەندین خوێندكار گیانیان لەدەستداوە و تەندرووستیان تێكچووە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێیەكان لە شاری سەقز زۆرینەی ناوەندەكانی خوێندن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و دەوامیان ڕاگرتووە.
هاوكات بەشێك لە كاسبكاران و دووكاندارانیش وەك پشتیوانی لە مانگرتنی ناوەندەكانی خوێندن مانگرتنیان ڕاگەیاندووە و دووكانەكانیان نەكردووەتەوە.
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا داوا لە كۆمەڵگەی جیهانی دەكات لەمەڕ ژەهراویكردنی قوتابیان لە ئێران كۆمیتەی دەرخستنی ڕاستییەكان پێكبێنن.
دەشڵێت “پڕۆسەی ژەهراویكردنی قوتابیان چوار مانگە دەستیپێكردووە، لەنێوان سیاسەتی ڕەتكردنەوە و بێدەنگیی كاربەدەستاندا، پاش كۆتاییهاتنی پشووی نەورۆز جارێكی دیكە دەستیپێكردەوە، لە شار و ناوچەكانی وەك سەقز، سنە، دیواندەرە، مەڕاغە و چەند شاری دیكە بەردەوام بووە”.
ئاماژە بەئەوەش دەكات “بەرپرسانی وەزارەتی تەندرووستی دانیان بەوە داناوە لە ماوەی نزیك بە چوار مانگی ڕابردوودا لانیكەم ١٣ هەزار قوتابیی كچ لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەكانی وڵات بەهۆی هێرشی كیمیاییەوە ژەهرخواردوو كراون و لە نەخۆشخانەكان خەوێندراون؛ بەڵام هەتا ئێستاش هیچ لایەن و دامەزراوەیەكی كۆماری ئیسلامی ئامادە نەبوون وەڵامی بنەماڵەی قوتابییان بدەنەوە”.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران “دوای ژەهرخواردووكردنی قوتابیان لە سەقز، ئەندامانی بنەماڵەكانیان و بەشێك لە خەڵكی ئەو شارە داوای ڕوونكردنەوەیان لە بەرپرسانی حكوومەت كردووە، بەڵام وەڵام نەدراونەتەوە”.