وتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ ناوی كاندیدان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران یەكلای دەبێتەوە و لەم هەفتەیەش ناوەكان پێشكەشی پەرلەمان دەكرێن.
هاوار محەمەد، وتەبێژی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (كوردستان24)ی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ ناوی كاندیدەكانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلایی بكرێنەوە.
لە بارەی وادەی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان وتیشی، “بریارە لەم هەفتەیە پارتی دیموكراتی كوردستان ناوی كاندیدەكان پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان بكات”.
بەپێ ئەو وادەیە پەرلەمان دیاری كردووە، ڕۆژی 13ی نیسانی 2023 دوایین وادەیە بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی مانگی ڕابردوودا بڕیاریدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمساڵدا و لە ڕۆژی 18ی 11ی 2023 ئەنجام بدرێت.