هێزە ئەمنییەكانی هەولێر رێگریان لە چالاكییەك دژی هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی كرد
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەك شەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٣ سەعات ١٠:٣٠ی بەیانی لەبارەگای KNK لەشاری ھەولێر لەكۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانی بۆ دەربڕینی هەڵوێست دژی هێرشەكەی توركیا بۆسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجام بدرێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگری لەئەنجامدانی ئەو چالاكییە كرا.
دوا بەدوای هێرشەكەی توركیا لەڕێگەی دڕۆنەوە بۆسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەكی لێكەوتەوە و لیژنەیەكی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی عێراقیش گەیشتنە شارەكە بۆ لێكۆڵینەوە لەو هێرشە.
سەرچاوەیەك لە KNK بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەبارەی ھێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورستان KNK بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانی بۆ دەربڕینی هەڵوێست دژی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی ئەنجام بدات.
راشیگەیاند، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە پێمان ڕاگەیەنرا كە نابێت ئەو كۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییە ئەنجام بدرێت.
هاوكات بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە هاووڵاتیانی شاری سلێمانی لەسەر داواكاری دەستەیەك لە خەڵكی شارەكە، خۆپیشاندان بۆ شەرمەزاركردنی هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕێكدەخەن.
لە بانگەوازێكدا بەناوی خەڵكی سلێمانییەوە هاتووە ” هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا كە هەموو كوشتار و شەڕ و ئاژاوەیەكی تێداحەرامكراوە، بە سەرەتای هەڕەشەیەكی مەترسیدار دەزانین و بە هێرش و پەلاماری سەر كەرامەت و شكۆی كوردستان بە گشتی و سلێمانی و خەڵكەكەی بە تایبەت دەزانین”.
دەستەیەك لە خەڵكی سلێمانی دەڵێن “ئێمە وەك كۆمەڵێك لە كەسایەتی و خەڵكی سلێمانی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێرش و پەلامارە، داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەین بە یەكدەنگ بەرپەرچی ئەم پەلامارە بدەنەوە و ڕێگە نەدەن دوژمنان لەژێر هەر ناو و پاساوێكدا بێت شكۆی خەڵكی كوردستان بشكێنن”.
ئاشكرایدەكەن “ئەمڕۆ یەكشەممە ٩-٤-٢٠٢٣ هەموومان لە ( سەھۆڵەكە) شەقامی سالمی شاری سلێمانییەوە كاتژمێر ٣ ی پاشنیوەڕۆ كۆدەبینەوە و بە یەك دەنگ دژی ئەم دەستدرێژییانە دەوەستینەوە”.
داوا لە خەڵكی تەواوی كوردستان دەكەن پشتیوانی سلێمانی بن و دەشڵێن”لە كۆبوونەوەو گردبوونەوەكەماندا تەنها ڕێگە بە هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان دەدرێت”.