سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، پەلاماری سەر فرۆكەخانەی سلێمانی هەرلایەن و هێزێك بێت قبوڵكراو نییە و ئێمە بە توندی سەركۆنە و شەرمەزاری دەكەین.
محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆشیال دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژی هەینی 7ی نیسانی 2023 لە نزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی دەنگی تەقینەوەیەك بیسترا، هەندێك لە سەرچاوەكان ئاماژە بۆ موشەكی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەكەن، بۆیە ئەو پەلامارە هەرلایەن و هێزێك بێت قبوڵكراو نییە و ئێمە بە توندی سەركۆنە و شەرمەزاری دەكەین.
ڕاشیگەیاندووە، پەلاماردانی فڕۆكەخانەی مەدەنی سلێمانی و دروستكردنی دڵەڕاوكێ و نائارامی لە كوردستان، دژایەتی تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستانە لە زاخۆ وە بۆ خانەقین.
هاوكات پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لە كاتێكدا پەلامارەكە بە دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و دەستدرێژی بۆ سەر خاك وخەڵكی كوردستان دەزانێت، لە هەمانكاتدا تەئكید لە زەروریەتی یەكڕیزی هێز و لایەنە سیاسییەكان و كۆكردنەوەیان لە چوارچێوەی ئەنجومەنێكی سیاسی دەكاتەوە وەك زامنی دەستەبەری ئارامی و پاراستنی خەڵكی هەرێمی كوردستان.