ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەواڵی زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران و داڕشتنەوەی پلەبەندییەكی نوێ بۆ مووچە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت: “بەم زووانە پەسەند دەكرێت”.
حەمید غزی، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، “لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی بۆ ئامادەکردنی پلەبەندی مووچە پێکهێنراوە و پێشنیارەکانی پلەبەندی مووچە بەهۆی چەند تێبینییەكەوە گەڕێنرانەوە بۆ لیژنەکە و دوای داڕاشتنەوەی دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران”.
جەختیشی كردەوە، تا ئێستاش پلەبەندی مووچە لەبەردەست ئەو لیژنەیەدایە، کە لەنێوان وەزارەتەکانی پلاندانان و دارایی پێکهێنراوە، دوای تەواوکردنی کارەکانیشی دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسەند كردنی.
لای خۆشیەوە، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر دانانی خشتەیەكی کاتی یاسادانان و حكومەت كردەوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر یەكلایی كردنەوەی پلەبەندی مووچە.
ڕاشیگەیاندووە، پێش ئەوەی هەر هەموارکردنێک بکرێت، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان توێژینەوەی ورد ئامادە بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی هەڵوەشاندنەوە و هەموارکردنەوەی بەشێک لە یاساکانی کارپێکراو و بوونی نەختینەیی دارایی و هەوڵدان بۆ دیاری كردنی کەمترین ئاستی مووچە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی فەرمانبەران لە ژێر ڕۆشنایی بارودۆخی ژیانی ئێستا و هەڵاوسانی بازاڕ.
دووپاتیشی کردەوە، کە پلەبەندی پێشنیارکراوی مووچە بەپێی داتای ورد و لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئامادە بکرێت.