لەناو هاوار و خۆشی دەربڕینی عێراقییەكان دا، تانکێک پەیکەرە برۆنزییە زەبەلاحەکەی سەدام حسێن ڕادەکێشێت، لەم دیمەنەدا بە ڕوونی ئەو شكۆیە شكێنرا، كە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵ بوو حوكمێكی دڕندانەی دەرهەقی عێراقییەکان دەكرد.
لە ٤ ی ئەیلولی ٢٠٠٢ دا تۆڕی سی بی ئێس-ی ئەمریكایی بەڵگەنامەیەكی بڵاوكردەوە، كە تێیدا دۆناڵد رامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەوكاتەی ئەمریكا دوای رووداوەكانی ١١ ی ئەیلولی٢٠٠١ واژووی لەسەر هێرشی وشكانی بۆ سەر عێراق كردووە.
لە لایەکی دیکە بەریتانیاش لەسەر بوونی چەكی ئەتۆمی لە عێراق ڕاپۆرتێکی بڵاوكردەوە ئەمەش بەغدای خستە ناو چوارچێوەی شەڕێكی جیهانیی .
لە مانگی كانونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٢ دا جۆرج بۆش وتارێكی پێشكەشكرد و وتی؛ ئەمریكا ئامادەیە بۆ هێرشی سەربازی ئەگەر بەغدا دەستبەرداری چەكە كۆمەڵكوژەكانی نەبێت.
جۆرج بۆش بەر لە هێرشی زەمینی بۆ سەر عێراق، هۆشداری دابوو بەهاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی “ناتۆ”و پشتیوانی ٤٩ دەوڵەتی ئەوروپای بەدەست هێنابوو، بەڵام هاوپەیمانییەكە لە ڕووی سەربازییەوە زۆر بەهێز نەبوو چونكە ٩٨٪ ی هێزەكان سەربازی ئەمریكایی و بەریتانی بوون، تەنیا ژمارەیەكی كەم لە سەربازانی چوار وڵاتی تێدا بوون، لەگەڵ بەشداری سەربازانی ١٠ وڵاتی دیكە، كە ئەركی شەڕیان پێنەدرابوو.
لە ١٧ ی مارسی ٢٠٠٢، جۆرج بۆش داوای لە سەدام كرد دەست لەكاربكێشێتەوە و خۆی و كوڕەكانی لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا عێراق جێبهێڵن، دوای ئەم داواکارییە، هەر بەخێرایی بەغدا ئەم داوایەی لە رێگەی وەزیری راگەیاندنی وڵاتەکەی رەتكردەوە.
دوای وتارەكەی بۆش عێراق خۆی بۆ جەنگ ئامادەكردو سەرجەم هێزەكان دەستیان بە ئامادەكاری كرد و سەدام حسێن بەهەموو توانا بەردەستەكانییەوە خۆی بۆ جەنگ ئامادە كرد.
كاتی دیاریكراوی جۆرج بۆش بۆ سەدام و دارودەستەکەی كۆتایی پێهات، لە کاتژمێر ٢:٣٠ خولەک، لە رۆژی ٢٠ ی ئادار چەندین تەقینەوەی گەورە بەغدای پایتەختیان هەژاند، دوای كاتژمێرێك بۆش ڕایگەیاند؛ فەرمانی كردووە هێرش بكرێتە سەر ماڵەكەی سەدام حسێن.
دواتر سوپای ئەمریكا بە فەرماندەیی تۆمی فرانكس هێرشی زەمینی و ئاسمانی بە ناوی “پرۆسەی ئازادی عێراق” لەیەك كاتدا دەستپێكرد، ئەو رۆژە ٣٠٠ هەزار سەربازی ئەمریكایی و بەریتانی لەكوەیتەوە بەرەو عێراق گوازرانەوە، سەرەڕای ٧٠ هەزار پێشمەرگەش، كە لە هەرێمی كوردستانەوە لە هێرشەكەدا بەشدار بوون.
دوای شەڕێكی یەكلاكەرەوە، چەند رۆژ لە شەڕی بەردەوام هێزەكانی هاوپەیمانان گەمارۆی بەغدایان دا و لێرەوە ساتەکانی كۆتایی رژێمەكەی سەدام حسێن دەستیپێكرد.
لە ٥ ی نیسانی ٢٠٠٣ دا ٢٩ تانك و ١٤ زرێپۆشی ئەمریكی هێرشیان كردە سەر فڕۆكەخانەی بەغدا، كە بە شوێنێكی سەخت بۆ كۆنتڕۆڵكردن هەژمار دەكرا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك و بێ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەكی جێی باس هێزەكانی هاوپەیمانان كۆنتڕۆڵیان كرد.
لە ٧ ی نیساندا هێزەكانی هاوپەیمانان هێرشییان كردە سەر كۆشكی كۆماری و بەخێرایی كەوتە ژێر دەستیان، دواتریش سەرجەم دەزگا و دامەزراوەكانی عێراق داڕووخان و هەڵاتنی سەربازانی عێراقی دەستیپێكرد.
دوای دوو رۆژ و لە ٩ ی مانگی نیساندا سوپای هاوپەیمانان كۆنتڕۆڵی تەواوی بەسەر عێراقدا ڕاگەیاند، دیمەنە دراماتیكیەکانی ئەو رۆژە بوونە یادەوەرییەکی زیندو لە هزری تاکی عێراقیدا، بە تایبەت کاتێک تانكێكی ئەمریكی پەیكەرە برۆنزییە زەبەلاحەكەی سەدام حسێن-ی لەسەر راگرە چیمەنتۆییەكەی مەیدانی فیردەوسی بەغدا هێنایە خوارەوە و ئاڵای ئەمریكای پێوە هەڵواسرا.
سەرەڕای ئەوەی عێراق لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكادا بوو، بەڵام تا ١٥ ی نیسان شاری تكریت، كە شوێنی لەدایكبوونی سەدام حسێن بوو لەژێر كۆنتڕۆڵی شوێنكەوتوانیدا مابووەوە.
داواكراوی سەرەكی، كە سەدام خۆی بوو هێشتا هەر ئازاد بوو، دوای گەڕانێكی دووروودرێژ و دەیان پرۆسەی هەواڵگری جیاواز، لە ١٣ ی كانونی یەكەمی ٢٠٠٣ دا هێزی مارێنزی ئەمریكی ئۆپراسیۆنی “بەیانی سوور”ی بۆ دەستگیركردنی سەدام راگەیاند، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكە كێڵگەیەكی شارۆچكەی دۆر-ی سەر بە شاری تكریت بوو، نزیكەی ١٠٠ سەربازی مارێنز هێرشیان كردە سەر ماڵێك و لەژێرزەمینەكەیدا سەدام دۆزرایەوە.
ئۆپەراسیۆنەكە بەوپەڕی ئارامییەوە بەڕێوەچوو، هیچ بەرگرییەك رووینەدا، هەندێك سەرچاوە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن سەدام خۆی دەرگای ژێرزەمینەكەی كردووەتەوە.
دواتر و بۆ ماوەی سێ ساڵ سەدام حسێن لەگەڵ چەند بەرپرسێكی دیكەی رژێمەكەیدا دادگایی كراو لە ٥ ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٦ دا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا درا.
سزاكەشی لە ٣٠ كانونی یەكەمی هەمان ساڵ لە یەكەم رۆژی جەژنی قوربانی ئەو ساڵەدا جێبەجێكرا و تا هەتایە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام حسێن لە عێراق كۆتایی هات.