پارتی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای توركیا پەنای بۆ بۆردومانی ڕۆژئاوای كوردستان بردووە، تا وەك كارتێك بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بەكاری بهێنێت.
نادین ماینز سەرۆكی پێشووی لیژنەی بەرگری لە ئازادی ئاینی لە كۆنگرێسی ئەمریكا بۆ ئاژانسی نۆڕس پرێس ڕایگەیاند، كردەوەكانی توركیا دژی ئامانجەكانی ئەمریكان لە سووریا، بۆیە ئەمریكا ناڕازی دەبێت.
دەشڵێت: ئەمریكا لە ڕێگای پەیوەندییەكانیەوە لەگەڵ توركیا هەنگاو دەنێت و ناڕازیبوونی خۆی لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانە دەگەیەنێت.
لەبارەی هەنگاوەكانی ئەمریكاوە دەڵێت”هەنگاو زۆرن، یەكێك لەوانە سەپاندنی گەمارۆ و سزایە بەسەر ئەردۆغاندا، تا بەردەوام نەبێت لە هێرشەكانی و پرۆسە داگیركارییەكانی بوەستێنێت”.
دەشڵێت “هەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی باش لە گرینگی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا تێدەگەن”.
ئاماژە بە ئەوەشكرد، بڕیاری ئیدارەی پێشووی ئەمریكا بۆ كشانەوە لە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەهۆی بوونی پەیوەندی باشی لەگەڵ ئەردۆغان، پێچەوانەی كۆنگرێس بوو.
داواش لە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی پیران دەكات دژی توركیا بوەستنەوە بە تایبەت گرێبەستی فرۆشتنی فڕۆكەی ئێف 16 بە توركیا، چونكە مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا دەكات.
ڕاشیگەیاند، كۆنگرێس پشتیوانی سەرەكی ئەم ئاڕاستەیەیە، بەڵام بابەتەكە پەیوەستە بە ئیدارەی ئەمریكاوە، كە چۆن بەم ئاڕاستەیە كار دەكەن.
ڕوونیشیكردەوە، واشنتن دەیەوێت پارێزگاری لە پەیوەندییەكانی بكات لەگەڵ توركیا، چونكە نایەوێت توركیا بچێتە پاڵ ڕووسیا لەگەڵ دەوڵەتانی دیكە بوەستن لە دژی ئەمریكا.
ئۆزای بولوت توێژەر لە پرۆژەی فیلۆس لە یۆنان دەڵێت “فەرمانڕەوای توركیا دەیەوێت بە گەلی توركیا بڵێت لە حاڵی نەمانەوەی لە دەسەڵاتدا دووچاری تیرۆر و مردن دەبنەوە، بۆیە پەیوەندییەكی زۆر هەیە لەنێوان هێرشەكانی ئیستەنبوڵ و حكومەتدا، بۆیە دەیەوێت سنووری زیاتری سووریا و عێراق بگرێت بە هاوكاری گرووپە جیهادییە هاوپەیمانەكانی، ئەمەش كارئاسانی دەبێت بۆ داگیركردنی دوورگەكانی یۆنان و خستنەپاڵی بەشێكی قوبرس، یۆنانیش ئەندامی ناتۆیە و قوبریس لە یەكێتی ئەوروپایە”.