“سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەترن خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات”



سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی لەسەر هێرشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاوکردەوەو دەڵێت:”هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و هەوڵە نەزۆکەکەی نۆکەرانی بێگانە بەتوندی ئیدانە دەکەین کە ئامانج لێی تێکدانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت:”کردەی تاوانکاری و بەزاندنی سنووری هەرێم و عیراق بە چاوساغی و رێنیشاندانی لایەن و دەزگایەکی ئەمنی هەواڵگریی ناوخۆیی، حاڵەتێکی نامۆ نییە و مێژوویەکی درێژمان لەگەڵیدا هەیە. بەڵام سلێمانی و مێژووەکەی، سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەتر و قارەمانترن کە خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات و ژیانی خەڵکەکەی تێکبدات”.

راشیگەیاندووە:”یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا لەپێناو پاراستنی تەبایی و بەدیهێنانی بەرژوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان پشوودرێژ بووە، بەڵام بەردەوامیی رەفتارە نەشیاو و ناپەسەندەکانی بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانی لایەنێکی سیاسی لەژێر سایەی حکومەتێکی تاکڕەو و خۆسەپێندا، هەموو سنوورێکی بەزاندووە و دۆخەکەی گەیاندووەتە بنبەست”.

“ئێمە شانازی بە کوردبوون و کوردایەتیی خۆمانەوە دەکەین. کوردستانمان لە دڵماندا هەڵگرتووە و لەپێناو ژیانی خەڵکەکەمان رووبەڕووی هەموو مەترسییەکان بووینەتەوە و دەبینەوە. تێکدانی ئارامیی هەرێم و شاری سلێمانی هێڵی سوورە” بافڵ جەلال تاڵەبانی وا دەڵێت.

لە کۆتایشدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نووسیویەتی:”جارێکی تر و بە دەنگێکی بەرزتر دەیڵێینەوە، یان کوردستان یان نەمان”.

هەسەدە: ئەو زانیاریانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی دەکەن دورن لە راستییەوە
پێشت هەسەدە: ئەو زانیاریانەی باس لە بەئامانجگرتنی مەزڵوم عەبدی دەکەن دورن لە راستییەوە
مەترسیەکانی پارەی نەوتی کوردستان
دواتر مەترسیەکانی پارەی نەوتی کوردستان
پەیوەندیدار