مەترسیەکانی پارەی نەوتی کوردستان



گوڵاڵە سدیق

پرسی دەرهێنانی نەوت و فرۆشتنی نەوت و شیرینی نەوت و بەرهەمەکانی نەوت و پارەی نەوت، ئەو مۆتەکەیە بوەتە بەڵا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکە لە سەیرترین جۆری گرێبەست کە هەر وڵاتێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانی بیکات، بەشێوەیەک لە گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان (بەقەولی بەرپرسان) زۆرترین پارەی فرۆشتن دەگەڕایەوە بۆ کۆمپانیاکان، حکومەتی هەرێم لە سایەی فرۆشتنی نەوتەوە (بەقەولی خۆیان) بەقەرزاری لێی دەرچون، ئەمە جگە لەو هەمو پاشەکەوتی موچە لە کابینەی پێشوو لێبڕینی موچە لەسەردەستی ئەم کابینەیەدا!
لەئێستادا، بەدیاریکراوی دوای بڕیارەکەی دادگای پاریس دۆخێک هاتوەتە ئاراوە، حکومەتی هەرێمی ناچارکردوە لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتی هەرێمی کوردستان بفرۆشرێت، ئەم بڕیارە تا ڕادەیەک دڵخۆشی و گەشبینی لای تاکی کورد دروستکردوە بەوهیوایەی ئاوێک بکرێت بە ئاگری گرێبەستی پەنجا ساڵی و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت!
بەڵام، ئەوەی جێی دڵەڕاوکەو نیگەرانییە لە کاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێی سۆمۆوە، پارەی نەوتەکە دەچێتە ژێر دەستی کێ؟ تەنها یەک کەسە یان وەزارەتی دارایی؟ ئایا دەستەکە ئەمینە؟ ئایا دەستەکە دادپەروەرە یان بەپێی مەزاج کاردەکات؟ وە چەندین پرسیاری تریش!
پێشتر، کاتێک نەوت سەربەخۆ دەفرۆشرا، پارەی گەڕاوە ڕاستەوخۆ نەدەگەڕایەوە وەزارەتی دارایی، بەڵکو هەر کابینەو دەچوە ئەو بانکەی سەر بە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو، لەکاتێکدا کارە ڕاستەکە ئەوەبوو ڕاستەوخۆ داهاتی نەوت بچێتە هەژماری بانکی وەزارەتی داراییەوە، پاشان بەکاربهێنرایە بۆ موچەو ئاوەدانی ناوچەکان بەبێ جیاوازی!
بەپێی ئەو ئەزمونە تاڵەی هەمانە لەگەڵ نەوت و پارەی نەوت، ئەگەر پاش فرۆشتنی نەوت لەڕێی سۆمۆوە هەژماری بانکی بۆ داهاتەکەی کرایەوە، هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر ئەو هەژمارە بانکییە بەناوی وەزارەتی داراییەوە نەبێت و بەشێوەیەکی ڕەهایی لەژێر کۆنترۆڵ و مامەڵەی ئەو وەزارەتە نەبێت.
وە ئەگەر وەک پێشو پارەی نەوت بگەڕێتەوە ئەو بانکە ئەهلیانەی کە سەر بە سەرۆکی حکومەتە، ئەوە دیسان پارەی نەوت بەپێی مەزاجی تاکە کەسی دەدرێت بە وەزارەتی دارایی، ئەمەش نەک چارەسەری گرفتی موچە ناکات، بەڵکو دوبارە نادادپەروەرییەکی زۆرترو گەورەتر دەبینین کە لەپاش گەڕانەوەی داهاتی نەوت توشی ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕین و هەڵەبجە دەبێت، چونکە بەفرۆشتنی نەوت لەڕێی سۆمۆوە داهاتی نەوتی هەرێم بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەهۆی گەڕانەوەی سەرجەم داهاتی نەوت %١٠٠ بۆ حکومەتی هەرێم لەلایەک، وە حکومەتی هەرێم ناچار نابێت نەوت بەنرخی ١٢ دۆلار کەمتر بفرۆشێت لەلایەکی تر.
پێویستە هێزو لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دیموکرات( بەو پێیەی بەڕەهایی پرسی نەوت لای پارتییە) هەر لەئێستاوە لە مەترسی بارودۆخەکە تێبگەن و دەستپێشخەری بکەن بۆ ڕێگرتن لە ڕودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە مەبەستی بێت زیاتر ئەم پرسە لەبەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت، ئەویش بە دانانی هەژماری بانکی بەناوی وەزارەتی داراییەوە و لەژێر چاودێری دەستەی دەستپاکی و داواکردنی پرسی بودجە و ناردنی بۆ پەرلەمان کە دادپەروەری تەواوی تێدا ڕەچاوبکرێت بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان.
ئەگەر هاتو ئەمە جێبەجێ نەکرا یان هەستکرا نیەتێک نیە بۆ جێبەجێکردنی، ئەوا پێویستە بە مەمنونییەوە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی ٤٣% بە ٥٧%.
“سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەترن خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات”
پێت “سلێمانی و خەڵکەکەی زۆر لەوە گەورەترن خەیاڵی پووچی لایەنێک ناو و ناوبانگی لەکەدار بکات”
١٠٠ صاروخ و ١٠٠ مانا
دوات ١٠٠ صاروخ و ١٠٠ مانا
پەیوەندیدار