١٠٠ صاروخ و ١٠٠ مانا



هونەر تۆفیق

ئیسرائیلیەکان لە دەستی دووەم ( کرێگرتەکان) ەوە ، بۆردومانی کارگەیەکی ئێرانیان لە ئەسفەهان کرد . میدیاکانی دنیا کردیان بەقیامەت . دەنگدانەوەکەی وەک ئەوەبوو چیدی دەستەڵات لە تاران ڕوخا . کەچی دوێنی لەماوەی چەند دەقەیەکدا ١٠٠ ڕەکێت نرا بە ئیسرائیلەوە ، ڕووداوەکە وەک هەواڵێکی لاوەکی باسکرا !!
نە حەماسیەکانی فەلەستین و نە حوسیەکانی یەمەن و نە حەشدیەکانی عێراق و نە حیزبوڵاییەکانی لوبنان ئەو توانا تەکنەلۆجیەیان نیە کە درۆن و صاروخی پێ دروست بکەن ئەگەر ئێران کۆمەک و هاوکاریان نەکات .
هەریەکێک لەو هێزە موالیانەی ئێران دەیان هەزار ڕەکێت و سەدان درۆنی هێرشبەریان بەدەستەوەیە . بەڵام بەکارهێنانی ١٠٠ صاروخ بەرەو ئیسرائیل لەم کاتەدا ١٠٠ مانای هەیە . ئێران لە پرۆسەی ئاشتیەکەی خۆی و سعودیەوە هێرشەکانی توندتر و زیاتر کردۆتەوە . لە یەمەنەوە حوسیەکان وەزیری بەرگریەکەی لایەنگری سعودیەیان کوشت . لە دێرەزورەوە حەشدیەکانی سوریا دوو هێرشی توندیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا . دوێنێش لە لوبنانەوە لەهەر دەقەیەکدا ١٠ ڕەکێتیان نا بە ئیسرائیلەوە .
بۆچی لەم کاتەدا ئێران و موالیەکانی بێمنەت و چاونەترسن ؟ ئایا جەنگی روسیا و ئەمریکا لەئۆکرانیاوە، گەرمبوونی جەنگی ساردی چین و ئەمریکا لە تایوانەوە ، ئێران هاندەدات بێمنەت بێت ؟ یان سەردەمی خەبەربوونەوەی جەنگە نووستووەکانی ناوچەکەیە بەهۆی بەریەککەوتنەکانی ڕوس و چین لەگەڵ ئەمریکادا ؟ ماناکانی ئەو ١٠٠ صاروخە چین لەم دۆخەدا نرا بەئیسرائیلەوە ؟
– دوا ڕەکێتێک ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند کەبەرهەمی هێناوە صاروخی قائیم ١٠٠ بوو .
– لەساڵی ٢٠١٤ ەوە ئیسرائیلیەکان ١٠٠ جار بۆردمانی ئێرانیەکانیان لە سوریادا کردووە .
– ئێران خۆی ڕایگەیاند ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووە بە ٪٨٣ واتە ڕێژەی توانای دروستکردنی بۆمبەکە . هەفتەی پێشوو ئیسرائیلیەکان گوتیان ئێران ١٠٠ ڕۆژی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی .
– خۆرئاواییەکان دەیانگوت ڕژێمی ئێران بەرگەی ناڕەزایەتیەکانی ناوخۆ ناگرێت و تا ١٠٠ ڕۆژی تر دەڕوخێت .
– ئیسرائیل داینابوو لەماوەی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردوودا هێرش بکاتە سەر ئێران و دەزگا ئەتۆمیەکانی لەناو بەرێت .
– ئیسرائیلیەکان لەکاتی ڕاگەیاندنی قوبەی پۆڵاینەکەیاندا بۆ بەرگری لە ئاسمانی وڵاتەکەیان گوتیان بەم دەزگای بەرگریە ئاسمانیە تا ١٠٠ ساڵی تر هیچ هێزێک ناتوانێت ئاسمانی ئیسرائیل ببەزێنێت . بەڵام دوێنی بە بەزاندنی ١٠٠ ڕەکێت وەڵامی ئەو ئەفسانەیەیان دایەوە .
– ڕۆژی چوارشەممە ئیسرائیلیەکان لەکاتی ڕێگریکردن لە نوێژی موسڵمانەکان لە مزگەوتی قودس ، لەکاتی نوێژدا ١٠٠ کەسیان قۆڵبەست کرد .
هەموو ئەو مانایانە نیشانەی لێبوونەوەی ئێرانە لە پرۆسەی خۆئامادەکردن . زامنکردنی سەنگەرەکانیەتی لەکاتی روودانی جەنگەکەدا . تەنیا بەرەیەک هێشتا نمایشی خۆی نەکردووە بۆ دوژمنەکانی ئازەربایجانە . بۆیە بەخەبەربوونەوەی جەنگی نوستووی نێوان ئەرمەن و ئازەریەکانیش لەداهاتوویەکی نزیکدا چاوەڕوانکراوە !!
مەترسیەکانی پارەی نەوتی کوردستان
پێت مەترسیەکانی پارەی نەوتی کوردستان
وتەبێژی حکومەت هێرش دەکاتە سەر یەکێتی و قوباد تاڵەبانیش وەڵام دەداتەوە
دوات وتەبێژی حکومەت هێرش دەکاتە سەر یەکێتی و قوباد تاڵەبانیش وەڵام دەداتەوە
پەیوەندیدار