سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا زۆر گرنگه و له بەرژەوەندی هه‌موو عێراقدایه، دەشڵێت:” ئێمه پێشتریش ئاماده‌ی رێككه‌وتن بوین، به‌ڵام حكومه‌ت له به‌غدا ئامادە نه‌بووە”.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، دوای به‌شداریكردن له پرسه‌ی شێخەڵا ئیبراهیم، ئه‌ندامی خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر لیستی فراكسیۆنی پارتی كه دوێنێ كۆچی دواییكرد، نێچیرڤان بارزانی بە رۆژنامه‌نوسانی رایگه‌یاند:”رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا زۆر گرنگه و له بەرژەوەندی هه‌موو عێراقدایه، ئێمه له رۆژی یه‌كه‌مه‌وه ته‌ئكیدمان له‌وه‌كردوه‌ته‌وه كه ده‌بێت چارەسەرێکی عێراقیانه هه‌بێت، ئێمه پێشتریش ئاماده‌ی رێككه‌وتن بوین، به‌ڵام حكومه‌ت له به‌غدا ئامادە نه‌بووه، به‌خۆشحاڵییه‌وه ئه‌مجاره حكومه‌ت له به‌غدا رازی بووە و ئێمە هیوادارین ئه‌م رێككه‌وتنه بكه‌وێته بواری جێبه‌جێكردن به‌زوترین كات، رێككه‌وتنێک كه له قازانجی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراقه”.
ئاماژەی بەوەشکرد، له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوایان له تیمی یه‌كێتی كردووه، بگه‌ڕێنه‌وه ناو حكومه‌ت، پێانوایه گه‌ڕانه‌وه‌ی تیمی یه‌كێتی زۆر پێویسته، كێشه هه‌یه له‌ناو حكومه‌تدا و پێویسته له‌ناو حكومه‌تدا چاره‌سه‌ر بكرێن و به دڵنیاییش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا چاره‌سه‌ریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه”.
لەبارەی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەوە وتیشی:”له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم براده‌ران سه‌ردانی هه‌موو لایه‌نه‌كانیان كردوه و ئه‌و رۆژه‌ی كه دانراوه به مشوره‌ت به هه‌موو لایه‌نه‌كان دانراوه، وه‌كو ئه‌ركی خۆشم ده‌بێت ئه‌و ئه‌ركه جێبه‌جێ بكه‌م و رۆژی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌م، هیوادارم هه‌موو لایه‌نه سیاسیه‌كان هاوكاربن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا جێبه‌جێ بكرێت”.