هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایدەگەیەنێت، بۆ نەهێشتنی ئەو دڵەڕاوكێیەی لە بازاڕی نەوت و ئابووری جیهاندا هەیە، ڕێژەی كورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵدا بۆ نیوە كەم دەكەنەوە.
تركی جەدعان، سەركردە لە هاوپەیمای دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، ڕێژەی كورتهێنان لە پڕۆژە یاسای بودجەدا زۆر بەرزە و بووەتە جێی دڵەڕاوكێ و تەوافوقێكی سەرەتایی لە پەڕلەماندا هەیە بۆ ئەوەی كورتهێنانەكە بۆ 50% كەم بكرێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لە خوێندنەوەی دووەمدا بڕگەیەكی زۆری پڕۆژە یاساكە تاووتوێ دەكەن و لیژنەی داراییش بەوردی خوێندنەوە بۆ پرۆژەكە دەكات و خاڵە ناكۆكەكانیش چارەسەر دەكات.
ڕۆژی 13/3/2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی پەسەندكرد، زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە، كە پشكی هەرێمی كوردستان تیایدا بە 12.67% جێگیركراوە و بڕەكەی بەلێبڕینی بودجەی سیادییەوە دەكاتە 16 ترلیۆن دینار بە مەرجی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە، كە ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل بێت.
ئەو كورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە دەگاتە 60 ترلیۆن دینار و بڕیارە كەم بكرێتەوە بۆ نزیكەی 30 ترلیۆن دینار.