“سەگی بەرەڵا” تەنگ بە هاووڵاتیان هەڵدەچنن



ماوەیەكە بڵاوبوونەوەی سەگی بەرەڵا لەناو بازاڕ و گەڕەك و پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و سەرشەقامەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆتە دیاردەیەكی ترسناك لەسەر ژیانی خەڵكی بەگشتی و مناڵان بەتایبەتی، ئەمە جگە لەوەی كە هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی چەندین جۆری نەخۆشی.

خەدیجە عەبدولجەبار، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئاژەڵانیش پێویستە مافیان پارێزراو بێت لە چوارچێوەیەكدا، كە سنوری خۆی تێنەپەڕێنێت، بەڵام ناكرێت بەناوی ئاژەڵ دۆستیەوە ژیان و تەندروستی و ئاسایشی مرۆڤەكان بكەوێتە مەترسیەوە، لەكاتێكدا خوای گەورە هەموو بوونەوەری بۆ خزمەتی مرۆڤ ژێربار كردووە (ۆسَخَّرَ ڵكُم مَّا فِی السَّمَاۆاتِ ۆمَا فِی الْأَرْچِ جَمِیعًا).

وتیشی، ” پێشتر ئێمە لای خۆمانەوە لەنزیكەوە ئەم بابەتەمان لەگەڵ بەرپرسانی شارەوانی سلێمانی چەندجارێك باس كردووە و ئەوانیش ناو بەناو هەندێك ڕێكاریان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكە گرتۆتەبەر، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەم كێشەیە چارەسەر نەكراوە و بەڕێژەیەكی بەرچاو ئاستەنگیان بۆسەر ژیانی خەڵك دروست كردووە”.

ڕاشیگەیاند، جارێكی تر ئەم بەرپرسیارێتیە دەخەینەوە ئەستۆی بەرپرسانی ئیداری و شارەوانیەكان، كە بەهەماهەنگی چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن و چیتر بینەری ڕووداوی نەخوازراو نەبین .

دەشڵێت: “حكومەتێك كۆنتڕۆڵی قومارخانە و چەكی بێ مۆڵەت و مادەی هۆشبەر و كوالێتی دەرمان و خۆراك و زیادەڕۆیی و سەگی بەڕەڵای پێ نەكرێت، ئەمە چ جۆرە حكومەتێكە؟!”.

دیاردەی سەگی بێ لانە “سەگی بەرەڵا” بۆتە پرسێكی گرنگی كۆمەڵایەتی و تەندروستی بۆ هاووڵاتیان و تۆڕی میدیایی (خەڵك) بۆ یەكەمجار لە دوو ساڵ لەمەوبەردا ئەو پرسەی ورووژاند و ئەوكات شارەوانی سلێمانی بڕیاریدا شوێنێكیان وەك شێڵتەر لە دەرەوەی شار و نزیك عەربەت بۆ بكاتەوە و هەموو ئەو سەگە بێ‌ لانانە لەو شوێنەدا كۆبكاتەوە.

ماوەی دوو ڕۆژیشە بەهۆی پەلاماردانی ژمارەیەك “سەگی بەرەڵا” بۆ سەر منداڵێك و هەروەها دوێنێ‌ش لە هەولێر، كە ژمارەیەك سەگ پەلاماری چەند هاووڵاتییەكیان دابوو، ئەو پرسە بۆتەوە بابەتی گەرمی میدیا و ناوەندە ئیداری و تەندروستییەكان.

شەوی رابردوو، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر وێنەی باوک و کوڕێکی بڵاوکردووەتەوە، کە بەهۆی پەلاماری سەگەوە برینداربوون و ئاماژەی بەوەکردووە، ”بۆ لایەنی پەیوەندیدار، تکایە چارسەرێکی بەپەلە بۆ ئەم سەگە بێلانانە بدۆزنەوە، تەنها لەمشەودا شەش حاڵەتی سەگ گەستن لە نەخۆشخانەکەمان تۆمارکراوە “.

نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەم گرفتە نەدۆزرێتەوە کارەساتی خراپتر ڕوودەدات.
ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی چوار شەممە ٥-٦-٢٠٢٣ لە گەڕەکی زێڕینی هەولێر منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ و نیو لەلایەن 8 سەگەوە پەلامار درا و بە سەختی برینداربوو.

ملكۆ بازیانی، سەرۆكی پارتی سەوزی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، سەگی بێلانە تەواوی هەرێمی كوردستانی تەنیوە و ئەوەش ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان دروستكردووە و وتیشی، “لە ئاستی هەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٠٠ هەزار سەگی بێلانە هەن”.

ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆژەمان هەیە دەتوانین لە ماوەی سێ مانگدا هەموو كێشەی سەگی بێلانە چارەسەر بكەین، بەڵام پێویستی بە زیاتر لە ملیارێك دینار هەیە، بەڵام تەرخان ناكرێت .

بە پێی وتەی ملكۆ بازیانی، لە وڵاتانی دراوسێوە سەگ بە ڕێژەیەكی زۆر دەهێندرێتە هەرێمی كوردستانەوە بە تەنها لە پێنجوێنەوە نزیكەی 18 هەزار سەگ هێنراوەتە هەرێم و ئامانجی ئەوەش سیاسی و ئیداری نییە، بەڵكو پێدەچێت هۆكارەكە زیادبوونی سەگ بێت لە ئەو وڵاتانە.

مووچەی خانەنشینان زیاد دەكرێت
پێت مووچەی خانەنشینان زیاد دەكرێت
دەرمانێكی نوێی دژ بە شێرپەنجەی مەمك و پرۆستات رێگەی بەكارهێنانی پێدرا
دوات دەرمانێكی نوێی دژ بە شێرپەنجەی مەمك و پرۆستات رێگەی بەكارهێنانی پێدرا
پەیوەنیدر