گرەنتی بۆ دابەزینی بەهای دۆلار ڕاگەیەندرا
پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراو، بە بڕوای پسپۆڕێكی دارایی و ژمێریاری لە بودجەكەدا نرخی دۆلار بۆ ماوەی سێ ساڵ جێگیركراوە.
بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ دانراوە و لەو ماوەیەشدا نرخی 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار لە بانكی ناوەندی جێگیركراوە و بە 132 هەزار دیناریش بە هاووڵاتییان دەدرێت.
بەبڕوای شارەزایانی ئابووری، بودجەی ئەمساڵی عێراق گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا و ئەوەش لە بەختی هەرێمە، بەڵام حكومەتی عێراق ڕوبەڕووی گرفت دەكاتەوە.
د. نەبەرد كەریم، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی دارایی و ژمێریاری بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 ی عێراق لە تەواوی بودجەی ساڵانی دیكە جیاوازترە، چونكە گەورەترین پڕۆژە یاسایە بەو پێیەی زیاترە لە 197 تریلیۆن دیناری عێراقی و ئەوەش بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا عێراق بودجەیەكی وا گەورەی هەبێت.
ئاماژەی بە ئەوەش كرد، هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستان سوودمەندی یەكەمن لە بودجەی وڵاتەكە هەم لە ڕوانگەی داهاتی شەخسیەوە و هەمیش لە تەرخانكردنی داهات بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.
لەبارەی جیاوازی پڕۆژە یاساكەی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی دیكە و پەیوەست بە پشكی هەرێم، دەڵێت، جیاوازییەكی بودجەی ئەمساڵ سەبارەت بە پشكی هەرێم ئەوەیە كە لە بودجەی ساڵانی ڕابردوودا هەمیشە پشكی هەرێم بە هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەبەسترایەوە، بەڵام لە پڕۆژە یاسای ئەمساڵدا بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە دەنێردرێتە دەرەوە.
ئەو شارەزایەی بواری دارایی و ژمێریاری پێی وایە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا بە سود بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە و دەڵێت، هەرێم و بەغدا ڕێككەوتنێكیان واژۆكرد كە نەوتی هەرێم لە ڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت، ئەوەش داهاتێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی پاڵپشتی ئەو پشكە بكات كە لە بودجە بۆ هەرێم دانراوە و بە بڕی %12 67 خەمڵێندراوە.
ئاماژە بە ئەوەش دەكات، لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا نرخی دۆلار هەتاكو نزیكەی سێ ساڵی دیكە جێگیر كراوە، بودجەكە بۆ سێ ساڵ دانراوە و لەو ماوەیەشدا نرخی 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار لە بانكی ناوەندی جێگیركراوە و بە 132 هەزار دیناریش بە هاووڵاتییان دەدرێت.
بە بڕوای نەبەرد كەریم، ئەوەش سوود بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت، بەڵام زیانێكی سەخت بەر حكومەتی عێراق دەكەوێت، نرخی بەرمیلێك نەوتیش بە 70 دۆلار دیاریكراوە و هەر كەمبوونەوەیەكی خواست لەسەر نەوت حكومەتی عێراق ڕوبەڕووی زیانێكی گەورە دەكاتەوە، هەرچەندە دەوڵەتی عێراق توانای قەرزكردنی هەیە.