وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە ئامادەكردنی بڕێكی زۆری دەرمان و پێداویستی پزیشكی دەكات، تا بۆ توركیای ڕەوانە بكەن، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پارێزگای سلێمانی بەدەست كەمی دەرمانەوە گیرۆدەیە.
ئەمڕۆ چوار شەممە، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لەسەر داواكاری توركیا كە لە ڕێگەی كونسوڵی گشتیی وڵاتەكە داوایانكرد هاوكاری و پێوێستی پزیشكییان پێشكەش بكەین”.
بە وتەی وەزیری تەندروستیی هەرێم “ئەوان بڕی 50 تۆن هاوكاریی دەرمان و پێداویستیی پزیشكییان ئامادەكردووە و ڕەوانەی وڵاتی توركیای دەكەن”.
ئەم لێدوانانەی وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە، دوێنێ سێ شەممە د، سەباح هەورامی بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی ئاماژەی بە سەرهەڵدانی قەیرانی كەمی دەرمان كرد لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و ڕایگەیاند،” زۆرێك لە نەخۆشخانەكان بەهۆی كەمی دەرمانەوە دەناڵێنن، یەكێك لەوانە نەخۆشخانەی هیوایە، كە تایبەتە بە چارەسەركردنی تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە”.
تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، تەنها ٥٠٪ی دەرمان لە نەخۆشخانەکاندا ماون، زیاتر لە ١٨ ملیار دیناری کۆمپانیاکانی دەرمان و پێداویستیيە پزیشکییەکان قەرزدارە.