جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسین مەندەلاوی و سەرۆكوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی گرنگی پەسەندكردنی بوودجەیان تاوتوێ كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە لە دیدارێكدا لەنێوان موحسین مەندەلاوی و محەمەد شیاع سوودانی پێشھاتە سیاسیی، ئابووریی و ئەمنییەكانی عێراق تاوتوێ كراوە.
هەروەها باسی لەوەیش كردووە لە دیدارەكەدا گفتوگۆكراوە لەبارەی گرنگی پەلەكردن لە پەسەندكردنی بوودجەی گشتیی و لەوبارەیەوە جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسین مەندەلاوی رایگەیاندووە لەسەر ئاستی باڵا، ھاریكاری و ھەماھەنگی باش ھەیە لەنێوان دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو یاسا گرنگانەی كاریگەرییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتییاندا ھەیە پەسەندبكرێن.
ئەمەیش لە كاتێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات كە لە میانیدا، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دەكات.