یەكەم سەرۆكی پێشووی ئەمریكایە لە مێژوودا چووە بەردەم دادگا
سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە دادگای مانهاتن لە رێوشوێنێكی توندی ئەمنی و بە بەرچاوی ئاژانس و كەناڵەكانی جیهانەوە رووبەڕووی چەندین تۆمەت كرایەوە لە پێشیانەوە بەرتیلدان بە دوو ژن.
ترەمپ، كە نزیكەی دوو كاتژمێر لە دادگا مایەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی كە سەرچاوەكان بە مێدیاكانی ئەمریكایان داوە ٣٤ تۆمەتی ئاراستە كراوە.
تۆمەتەكان لانی كەم یەك دانەیان چووەتە چوارچێوەی “تاوانی قورس” سەبارەت بە “پارەدان بۆ دەمكوتكردن” و ئەوانەی دیكە پەیوەندییان بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و ساختەكارییەوە هەیە.
بەپێی ئەو وێنانەی لە دادگادا گیراوە ترەمپ چوار پارێزەری لە تەنیشتە و گوێ لە لیستی تۆمەتەكان دەگرێت و ئەوە راگەیەندرا ئەو ٣٤ تۆمەتەی رەتكردووەتەوە كە ئاراستەی كراوە.
ترەمپ، كە بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنەكانی ٢٠٢٤ی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە ١٨ی ئادار لەلایەن داواكاریی ناوچەی مانهاتن بەوە تۆمەتبار كرابوو كە لە ساڵی ٢٠١٦ لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بە مەبەستی “دەمكوتكردن” پارەی داوە بە ئەستێرەی فیلمی پۆرن ستۆرمی دانیەلز و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لەلایەن لیژنەی باڵای دادگاوە تۆمەتباركرابوو.
دۆناڵد ترەمپ، بوو بە یەكەم سەرۆكی پێشوو لە مێژووی ئەمریكا كە بەهۆی چەند تۆمەتێك كە ئاراستەی كراوە بچێتە بەردەم دادوەر.